ڕێکخراوی نێونەتەوەیی خاچی سوور داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات تا ئەوپەڕی کاریگەری و توانایی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ڕاگرتنی کارە شەڕانگێزییەکانی نێوان "غەززە و ئیسرائیل" و ئەم قەیرانەی ئێستاش بە قەیرانێکی بێپێشینە دادەنێت.
خاچی سوور، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا نوسیویە "دانیشتوانی غەززە و ئیسرائیل ڕووبەڕووی توندترین گێژاوی شەڕانگێزی بوونەتەوە لەم چەندان ساڵەی ڕابردوودا."
چەند کاتژمێرێک بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی نێونەتەوەیی خاچی سوور ڕاگەیەندراوەکەی بڵاوکردەوە.
خاچی سوور، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات تا سنورێک بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژییەکان دابنرێت و هەروەها داواش دەکات تا دڵنیایی بدرێت لەوەی بە شێوەیەکی ئاسان بە هانای زیانلێکەوتووانی غەززەوە بچێت.
ڕۆبێرت ماردینی، بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی خاچی سور دەڵێت "پێشتر توندیی لەم جۆرە، نەبینراوە لەو هێرشە ئاسمانییە بەردەوامانەدا بۆسەر غەززە و هەروەهاش لەو هێرشە موشەکیانەی شارە گەورەکانی ئیسرائیلی گرتۆتەوە، لە ئاکامی ئەم توندوتیژییە بێپێشینەیەی هەردوولادا منداڵ و خەڵکی بێتاوان دەکوژرێن."
ماردینی جەخت دەکاتەوە لەوەی دەستڕاگەیشتنی دانیشتوان لە غەززە بە نەخۆشخانەکان و بە خزمەتگوزارییەکانی تریشدا ئێجگار ئاڵۆزبووە و هەروەهاش داوای پاراستنی خەڵکی سیڤیل دەکات و دەشڵێت "بەڵام بە داخەوە ئەوەی ڕوودەدات پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانن."
خاچی سوور لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت بۆردومانە بەردەوامەکان، وەهایان کردووە خاچی سوور و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تریش نەتوانن بگەنە شوێنە پێویستەکان بۆ گەیاندنی یارمەتی و کۆمەکەکان.
خاچی سوور دەڵێت کەرەستە و کەلوپەلی پزیشکی داوە بە نەخۆشخانەکانی غەززە و هەروەهاش ئامێر و پێداویستی تەندروستیشی بۆ چارەسەرکردنی 150 بریندار دابین کردووە کە برینەکانیان سەختن. خاچی سوور لە چەند شاری ئیسرائیلیشدا، سەردانی ژمارەیەک لە قوربانییەکانی هێرشە موشەکییەکانی حەماسیشی کردووە.