هاوڕاییەکی بەرچاو هەیە لەسەر ئەوەی زمان ناسنامەی مرۆڤ و نەتەوەشە، هەمیشەش لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ هزردا.
دەشێت ئەم گرنگییەی زمان لە بوونی نەتەوەدا وەهای کردبێت نەیارانی نەتەوەیەک هەنگاوی یەکەمیان بۆ سڕینەوەی ناسنامە؛ لە تێکدان و قەدەغەکردنی زمانەوە دەستپێبکەن.
زمان بە شێوەیەکی ئێجگار فراوان، بنەما و بنچینەیەکی هزری و کۆمەڵایەتی هەیە و زیادە ڕۆیی نییە گەر بگوترێت زمان لە قۆناغە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکاندا بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە لە پێشەنگی ئەو هۆکارانەدایە کە بۆ مانەوە و بوونی کۆمەڵگەیەک دەستنیشان دەکرێت.
زمانی کوردی، یەکێکە لەو زمانانەی جیهان کە فاکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ هێشتنەوەی کورد وەک نەتەوە و زۆرێک لە نوسەران و ڕوناکبیرانمان هاوڕان لەسەر ئەوەی زمان، بە بەراورد لەگەڵ سیاسەت و ئابوریدا، زۆر زیاتر خزمەتی بە دۆزی مانەوە کردووە وەک نەتەوە، لە کاتێکدا کە ئەم نەتەوەیە خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە، بەڵام زمان ئەرکەکانی خۆی بەجێگەیاندووە بۆ نەتەوە و هێشتنەوەی کورد وەک نەتەوە.
کاتێک زمان ئەم هەموو گرنگیانەی هەن، ئیتر جێی خۆیەتی بپرسین، ئەی مرۆڤی کورد چی بۆ زمانەکەی خۆی کردووە؟!
وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، چونکە پەلوپۆی زۆری لێدەبێتەوە و هەتا ئێستاش لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا لەسەر زمان گرفت زۆرن، لەوانە؛ کامە ڕێنوس بۆ نوسین بە لاتینی بەکاربهێنرێت؟ یان ئایا چۆن بتوانرێت شێوەزارەکان لێکنزیک بکرێنەوە تا بتوانرێت هەنگاوی ڕژد بە ئاڕاستەی زمانی یەکگرتوودا (ستانداردا) بنرێت؟
لێرەدا ناکرێت هەوڵەکانی لە پێناو زماندا دەدرێن نادیدە بگرین؛ یەکێک لەوانە هەوڵە ڕژدە گەورەکانی دکتۆر فەریاد فازیل عومەرە، مامۆستای زمان و ئەدەب و مێژووی کورد لە زانکۆی ئازادی لە بەرلین.
دکتۆر فەریاد، سەرۆکی نێوەندی خوێندنی کوردیشە لە ئەڵمانیا.
دکتۆر فەریاد، لەوەتای دەستی بە وانە وتنەوە کردووە لە زانکۆکەی بەرلین، بڕیاری خۆیی داوە بە هەردوو شێوەزارە سەرەکییەکەی کوردی وانە بڵێتەوە، ئەمە بێ لەوەی لە فەرهەنگێکدا 111 هەزار وشەی کۆکردۆتەوە وەک فەرهەنگێکی ئەکادیمیایی بۆ زمانی کوردی.
دکتۆر فەریاد، لەگەڵ ئەرکە زمانەوانییەکانیشدا، کاری وەرگێڕانیش دەکات، بە کوردی و بە کورتی ئەم پیاوە هەرچ شتێک لە خزمەتی زمانی کوردیدا بێت کاتی خۆیی بۆ تەرخان دەکات.
ئایا ئێمەی کورد، زمانی خۆمان خۆشدەوێت و ڕێزی لێدەگرین؟
چۆن داوای زمانی ستاندارد دەکرێت لە کاتێکدا ڕێککەوتن و هاوڕایی نییە لەسەر ڕێنوسی کوردی؟
ئایا دەکرێت نوسینی ئێستا بە پیتی لاتینی وەک بنەمایەک لێی بڕواندرێت کە دەشێت ببێتە ڕێنوسی تەواوەتی بۆ نوسین بە کوردی؟
ئایا فرە شێوەزاری لە زمانی کوردیدا گرفتی بۆ پێشکەوتنی زمان دروستکردووە؟
دکتۆر فەریاد فازیل، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.