Accessibility links

ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی ئاسمانی دەکاتەوە سەر شوێنەکانی حەماس


هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل جارێکی تریش کەرتی غەززەیان کوتاوەتەوە پاش چەند هەفتەیەک لەو توندوتیژیانەی بوونەتە مایەی کوژرانی زیاتر لە 200 کەس.

زۆربەی هەرە زۆری کوژراوەکان لە فەلەستینییەکانن.

ئەم هێرشە ئاسمانیانەیش هاوکاتن لەگەڵ داوا نێونەتەوەییەکان بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە.
بەر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بۆ چەند خولەکێک دەیان فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل بۆردومانی ناوچەیەکی چڕی دانیشتوانی فەلەستینییەکانیان کردووە لە کەنار دەریا، ئەو ناوچەیەش لەژێر کۆنترۆڵی ڕێکخراوی حەماسدایە.

ئاگر بەری ئاسمانی ڕۆشن کردبووەوە هاوکاتی بیستنی دەنگی گەورەی تەقینەوەکانیش لە شاری غەززە. دەسەڵاتدارانی خۆجێیی دەڵێن وزەی ئەلیکتریک لە زۆر شوێندا نەماوە و زیانیش لە سەدان باڵەخانە کەوتووە. تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زانیاری لەسەر زیانی گیانی نەدراوە.

لەوەتای ڕۆژی 10ی مانگی 5ەوە کە ئەم قەیرانە دەستیپێکردووە، میلیشیا فەلەستینییەکان نزیکەی 3100 موشەکیان گرتۆتە ئیسرائیل؛ ئەمەش قورسترین شەڕی نێوان ڕکابەرەکانی فەلەستینی و ئیسرائیلییە لە چەندان ساڵی ڕابردوودا. ئەم شەڕانەش بەهۆی پشێویەکانی ناو شاری ئۆرشەلیمەوە دەستیانپێکرد.

پەیامنێرێکی ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس لە غەززەوە دەڵێت دوکەڵێکی زۆر و گەورە هەڵساوە لە کارگەیەکی دروستکردنی ئەسفەنجی دۆشەکدا و کارمەندانی بەرگری سیڤیلی لە هەوڵدابوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

XS
SM
MD
LG