Accessibility links

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا 16 کاربەدەستی میانمار دەخاتە لیستی ڕەشەوە


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای سەپاندۆتە سەر 16 گەورە کاربەدەستی میانمار و کەسوکارەکانیان.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت سەپاندنی ئەم سزایانە بەهۆی پشتیوانی ئەو کاربەدەستانەوەیە لە "توندوتیژی و هێرشە خوێناوییەکانی" حکومەتی ئەو وڵاتە دەیکاتە سەر لایەنگرانی بزووتنەوەی دیموکراسی.

4 ئەندامی ئەنجومەنی لەشکریی میانمار و 7 وەزیر و سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کە لەشکر کۆنترۆڵی کردووە و هەروەهاش سەرۆکی بانکی نێوەندی میانمار، لە نێو ئەوانەدان کە ناویان خراوەتە لیستی ڕەشی وەزارەتی خەزێنەوە.

لەوەتای کودەتا لەشکرییەکەی ڕۆژی یەکی مانگی دووی میانمار، خۆپیشاندان دەستیپێکردووە و لە ئاکامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر خۆپیشاندەرانیش، نزیکەی 800 کەس کوژراون بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوێکی چاودێری لە میانمار.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا هاتووە "ڕژێمی لەشکریی میانمار توندوتیژانە لایەنگرانی بزووتنەوەی دیموکراسی سەرکوت دەکات و هەروەها بەرپرسیاریشە لە بەردەوامیی توندوتیژییەکان و هێرشە خوێناوییەکانی دژ بە گەلی بورما دەیکات، لەوانە کوشتنی منداڵان."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت، کەنەدا و بەریتانیاش سزای هاوشێوەیان دژی ئەندامانی ئەنجومەنی لەشکریی میانمار ڕاگەیاندووە.

لەوەتای مانگی دووەوە ئەمەریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا، ئەندامە باڵاکانی ئەنجومەنی لەشکریی و هەروەها ئەو دامەزراوە حکومەتیانەی دارایی بۆ دابین دەکات، زێدیان کردوونەتە سەر لیستی سزاکان، وەک فشارێک بۆسەر ژەنەراڵەکان تا بگەڕێنەوە بۆ دیموکراسی.

سزاکان بە ئامانجی ڕێگەگرتنە لەوەی بتوانن بەشداری لە بازرگانی جیهانیدا بکەن و هەروەها بۆ ڕێگەگرتن لەوەی دەستیان بە سیستەمی دارایی جیهانیدا ڕابگات لە ڕێی قەدەغەکردنی تاکە کەس و کۆمپانیاکانی ئەمەریکاوە بەو بانکانەشەوە کە لقیان لە ئەمەریکا هەیە تا چییدی نەتوانن کاردارییان لەگەڵدا بکەن.

بەپێی ئەم سزایانە، ئەوانەی ناویان لەم لیستە ڕەشەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا هەیە، سامانەکانیان سڕ دەکرێن لە هەموو ئەو شوێنانەی دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا تیایدا کاریگەریی هەیە.

XS
SM
MD
LG