سوتاندن و بڕینەوەی دارودرەختی گەورەی ناوباخچە و شوێنە گشتیەکانی پارێزگای هەڵەبجە لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە و ئەمەش نیگەرانی بەشێک لە ژینگە پارێزان وچین و توێژکانی هەڵەبجەی لێکەوتووەتەوە. سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجەش، سکاڵایی یاسایی دژ بەو کەسانە تۆماردەکات کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چەند شوێنێکی جیاوازی هەڵەبجە ئاگریان لە دارەبەتەمەنەکان بەرداوە و ژمارەیەک کەرەستەیان شێواندووە .
کوێستان ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "نزیکەی مانگێک زیاترە سوتانی باخچەکان لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، ئەوکەسانەی ئەوکارە دەکەن نەناسراون و بەهۆی کەمی میلاکەوە ناتوانین چاودێر بۆباخچەکان دابنێین، نزیکەی 10 ساڵە 50 فەرمانبەر خانەنشین بوون، کەس نەخراوەتە شوێنیان، ئەوەش وای کردووە ئێمە نەتوانین باخچەکانمان بپارێزین".
سەباح جەمال بەڕێوبەری باخچەکانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "سکاڵای یاسایمان تۆمارکردووە و داوامانکردووە ئەوکەسانە بدۆزرێنەوە، ژمارەیەکی زۆر کەرەستەی ناو باخچەکان شکێنراون و حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کەسێکی لە شوێنی ئەو کارمەندانە دانەناوە کە خانەنشین بوون ".
لە سنووری بەڕێوبەرایەتی شارەوانی هەڵەبجە 45 باخچەی گشتی بە ڕووبەری جیاجیاهەن ، ڕووبەری سەوزایی لە پارێزگاکەدا 12% یە، دەنگی ئەمەریکا زانیویەتی تا ئێستا هیچ کەسێک بەتۆمەتی سوتاندنی دارە بەتەمەنەکان دەستگیرنەکراوە و هێزەکانی پولیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و لیکۆڵینەوە بەردەوامە .