Accessibility links

دەنگی ئەمەریکا وێنەی جم و جۆڵی چەکدارەکانی داعش لەنێوان قەزای کفری و خورماتو بڵاودەکاتەوە


بەهۆی زیادبوونی جم و جۆڵی چەکدارانی داعش لەناوچەکانی نێوان سنوری گەرمیان و قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین، هێزە عێراقیەکان سەرقاڵی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەن بۆ دوورخستنەوەی مەترسیەکانی ئەو چەکدارانە، دەنگی ئەمەریکاش لە سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە، وێنەی جم و جۆڵی چەکدارەکانی دەستکەوتووە.

مەلا کەریم شکور بەرپرسی مەڵبەندی حەمرین ی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ژمارەی چەکدارەکانی داعش لەدەوروبەری قەزای خورماتوو گەیشتووەتە نزیکەی 70 چەکدار، سەرجەم ئەو چەکدارانە لە گوندە عەرەبیە ڕووخاوەکانن."

بەپێی ئەو وێنانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، چەکدارەکان بە ئاشکرا لەگوندەکانی سنوری خورماتوو و ناوچەی غەڕەو پەڵکانە دەسوڕێنەوە، کە چەکدارەکان بەدوو دوو هاتووچۆ دەکەن، لەکاتێکدا فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بەردەوام چاودێریان دەکەن و ناو بە ناو لێشیان دەدەن.

بەرپرسی مەڵبەندی حەمرین ی یەکێتی، ڕوونیشیکردەوە هێزە عێراقیەکان ماوەی چەند ڕۆژێکە ئۆپەراسیۆنیان دەستپێکردووە، چونکە جم و جۆڵی داعشەکان زیادیکردووە و ئەو هێزانە دەیانەوێ ناوچەکە بپارێزن.

زۆربەی ئەو چەکدارانەی لە سنوری خورماتوودان، لەبنەڕەتدا خەڵکی ناوچەکەن و بەشێکیان خەڵکی ناحیەی سلێمان بەگ ی سەربە قەزای خورماتون، بۆیە بەباشی شارەزای جوگرافیای ناوچەکەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی گەیشتووەتە دەزگا ئەمنیەکانی عێراق، داعش هێز و چەک و تەقەمەنی لەسوریاوە بۆ هاتووە، لەبەرامبەریشدا، پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەکان سەرقاڵی پێکهێنانی ژووری هەماهەنگین بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی ئەو ڕێکخراوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری بەرگری عێراق دوێنێ پێنجشەمە سەردانی کەرکوکی کرد.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هێزە کوردیەکان و حەشدی شەعبی لەخورماتوو، کە پێشتر پەیوەندیەکانیان خراپبوو، مەلا کەریم دەڵێت"دوو جۆر حەشدی شەعبی لەخورماتوو هەیە، بەشێکیان ئەو هێزانەن لە خوارووی عێراقەوە هاتوون، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیان باشە، بەڵام ئەو هێزانەی خەڵکی ناوچەکەن، ماوەی چوار مانگە بێدەنگن و کێشەیان دروست نەکردووە."

ئەو هێزانەی داعش کە لە دەوروبەری خورماتوون، پێشتر بەناوچەکەدا دەسوڕانەوە و کەمترین هێرشیان ئەنجام دەدا، بەڵام ماوەیەکە دەستیان بەهێرش و پەلاماردان بۆ سەر هێزە کوردی و عێراقیەکان کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:05 0:00


XS
SM
MD
LG