بڕیاری دەرکردنی کەسوکاری چەکدارە عێراقییەکانی داعش لە کەمپی هۆل ڕاگیرا.
بەپێی زانیارییەکان بە ڕێککەوتن لە نێوان خاچی سووری نێونەتەوەیی، حکومەتی عێراقی و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڕیار لەسەر گێڕاندنەوەی 100 خێزانی هاووڵاتی عێراقی لە کەمپی هۆل درابوو، بەڵام حکومەتی عێراق لە بڕیاری گواستنەوەیان پاشگەز بووەتەوە.
بەپێی بەرپرسیانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، حکومەتی عێراق لە سەرەتای مانگی پێنجەوە لەئامادەکاریدا بووە بۆ گواستنەوەی ژمارەیەک خێزانی داعشی عێراقی، بەڵام پاش چەندین ڕۆژ لە ئامادەکاری هەردوولا بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە حکومەتی عێڕاقی گواستنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی ڕەتکردووەتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا بەرپرسی نوسینگەی پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر شێخموس ئەحمەد ڕایگەیاند "ڕەتکردنەوەی حکومەتی عێراق بۆ گواستنەوەی 100 خێزانی عێراقی لە کامپی هۆلەوە بۆ عێراق، جێگای داخە." ئەو گوتیشی " پێویستە حکومەتی بەغدا پابەندی بڕیارەکانی بێت."
بە پێی زانیارییەکان کامپێک لە باشوری موسڵ لە عێراق ئامادە دەکرا بۆ نیشتەجێکردنی ئەو خێزانانەی لە کەمپی هۆلی سوریاوە دەگوازرانەوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت لە ساڵی 2015 وە حکومەتی بەغدا داواکاری گێراندنەوەی هاووڵاتیانی خۆی ڕەتکردووەتەوە.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە هەڵوێستی حکومەتی بەغدا پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیەو حکومەتی بەغدا دەخوازێت دۆسێی گواستنەوەی هاووڵاتیانی عێراقی لە کەمپی هۆل بە لە ڕێگای حکومەتی سوریاوە ئەنجام بدات، کە ئەمەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە پەسەند ناکرێت.
نزیکەی 64 هەزار خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل نیشتەجێ کراون و زۆربەیان سوریایی و عێڕاقین. بەڕێوەبەرایەتی کەمپەکە دەڵێت ژمارەی هاووڵاتییە عێڕاقییەکان نزیکەی 30 هەزار دەبن.