جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەبەوەدەکات، پێکهێنانی ژووری هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لەناوچە کێشەلەسەرەکان، دروستکردنی هێزی هاوبەشە بۆ شەڕی داعش، نەک گەڕانەوەی پێشمەرگە، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە هێزەکانی هاوپەیمانان لەیەکنەخستنەوەی پێشمەرگە نیگەرانن.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەڵێت "ئەمەریکا و هاوپەیمانان هەوڵی زۆریان داوە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ڕاوێژکارانی چوار وڵاتی گەورەی وەکو ( ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا) لە وەزارەتی پێشمەرگەن بۆ ڕیفۆرم و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەوە چەند ساڵێکە خەریکن و بەرنامەی تۆکمەشیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە داناوە."
ڕوونیشیکردەوە، پێشمەرگە یەکینەگرتووەتەوە، بەڵام ڕووداو و پێشهاتەکانی وەکو شەڕی داعش و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کۆسپ و ڕێگربوون، ئێستا هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە بەرەو پێشەوە دەچن، ئومێدی هەنگاوی گەورەتر هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا، ڕاستیشە تا حەدێک هاوپەیمانان نیگەرانن، بەڵام ئەوانیش ڕەچاوی کۆسپەکان دەکەن کە دێنە پێش."
دەربارەی دروستکردنی لیژنەی هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و ئەگەری گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، جەعفەر شێخ مستەفا وتی"مەسەلەکە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە نیە، دروستبوونی هێزی هاوبەشە لەهەردوولا بۆ شەڕی داعش، ئیستا داعش لەدەرەوەی جادە سەرەکیەکان بەئاشکرا بوونی هەیە و بووەتە مەترسی گەورە."
لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جێگری سەرۆکی هەرێم، بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لەهەرێمی کوردستان بەگرنگ وەسفکرد، ڕوونیکردەوە بوونی هاوپەیمانان لەهەرێم پشتیوانیەکی گەورەیە بۆ پێشمەرگە و هەرێمیش، گەر هێزەکانی هاوپەیمانان نەبایە، نەماندەتوانی بە خێرایی بەرگری و بکەین و داعشیش تێکبشکێنین، وتی"پێویستیەکی زۆرمان بە هاوپەیمانان هەیە بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش و شەڕی داعش."
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، جنین پلاسخارت ی سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق، هۆشداریدا لەبارەی مانەوە و ئایندەی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، کە بەشێک هۆشداریەکەی دەبەستنەوە بە ئامادەکاریەکانی تورکیا بۆ لەشکرکێشی لە سنورەکانی هەرێم و بوونی ڕێککەوتنی لەگەڵ عێراق، لەو ڕووەوە جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت"هەر هێزێک بێتە ناو خاکی هەرێم بۆ شەڕ، دەبێتە هۆی تێکدانی ئارامی و ئاسایش و ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر، هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو هەرێم، خەڵکێکی زۆر ئاوارە دەکات، هەموو شەڕێک لە گۆڕەپانی هەرێم، هەر دەوڵەتێک لەگەڵ هەر هێزێک بیکات، خەڵکی هەرێم زەرەری لێدەکات و جێگەی نیگەرانیە."