Accessibility links

وەزیری سەرچاوە ئاویەکانی عێراق: تورکیا ئاوی لە عێراق نەبڕیووە، بەڵام بەهۆی گلدانەوەی ئاو لەلایەن ئێران، ڕێژەی ئاو کەمی کردووە


وەزیری سەرچاوە ئاویەکانی حکومەتی عێراق دەڵێت، وەفدێک بۆ گفتووگۆ و دانوستان لەسەر گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە، ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکەن، چونکە ئێران داهاتی ئاوی بەنداوی دوکانی بەڕێژەی 70% و داهاتی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانی بەڕێژەی 100% گرتووەتەوە.

مەهدی ڕەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاویەکانی عێراق، کە ئەمڕۆ پێنجشەمە سەردانی بەنداوی دەربەندیخانی کرد و لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئامادەبوون، وەڵامی تەنها سێ پرسیاری دایەوە، دوو لەو پرسیارانە لەلایەن دڵشاد ئەنوەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکاوە ئاراستەی کران.

لەوەڵامی پرسیاری یەکەمی دەنگی ئەمەریکادا، سەبارەت بە گرتنەوەی سەرچاوە ئاویەکانی هەرێم و عێراق لەلایەن ئێران و تورکیاوە و هەوڵەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، مەهدی ڕەشید حەمدانی ڕایگەیاند" ئاو لەلایەن تورکیاوە لەعێراق نەبڕاوە، با وێنەکە ڕوون بێت، ئەو ئاوەی لە تورکیاوە دێت بەپێی ڕێژەی باران بارین و ئاوی خەزن کراو بەردەدرێتەوە، بەڵام لەلایەن ئێرانی دراوسێوە داهاتی ئاو کەمیکردووە و بەهۆی گرتنەوەی ئاوەوە، داهاتی ئاوی بەنداوی دوکان 70% کەمیکردووە، بەنداوی دەربەندیخانیش داهاتی ئاوەکەی 100% کەمیکردووە."

جەختیشیکردەوە "لە ئێستادا کار بۆ دانوستان دەکەین لەگەڵ لایەنی ئێرانی، لایەنی ئێرانی ڕازی بووە بەسەردانی وەفدێکی عێراق بۆ گفتووگۆ لەسەر هەندێک تەحەدیان لەنێویاندا کێشەی ئاوی دوکان و دەربەندیخان و ڕووباری کارۆن، ئەم مەسەلە بۆ عێراق گرنگە و پێویستە چارەسەر بکرێت، باوەڕمان وایە دەبێت زیانەکانی کەم بارانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دابەش بکەین، ئێمە ئاوی خەیاڵیمان ناوێ، بای ئەوەندەمان دەوێ کە عەمبارکراوە."

ڕەخنەی بەرپرسانی عێراق لە وڵاتانی دراوسێ لەسەر گرتنەوەی سەرچاوە ئاویەکان، لەکاتێکدایە موچەی فەرمانبەرانی بەنداوەکانی هەرێمیش کراوەتە قوربانی ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا و ماوەی چەند مانگێک نەدرا، تا دواجار حکومەتی هەرێم موچەی بۆ دابینکردن.

لە وەڵامی پرسیاری دووەمی دەنگی ئەمەریکا، دەربارەی هۆکاری بڕینی موچەی فەرمانبەرانی بەنداوەکانی هەرێم، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری ئاوی بەنداوەکان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق دەڕوات و عێراق لێی سودمەندە، وەزیری سەرچاوە ئاویەکانی عێراق، وتی"حکومەتی عێراق موچەی نەبڕیووە، موچە لە یاسای بودجە بڕیاری لێدەدرێ، موچە نەبڕاوە و نیەتیش نیە بۆ بڕینی فەرمانبەرانی هەرێم، دەبێت پابەندبوون هەبێت بە دانوستان و ڕێککەوتنەکانەوە."

کەمی باران بارین و دروستکردنی ژمارەیەک زۆر بەنداوە لەسەر سەرچاوە ئاویەکانی عێراق و هەرێم، لەلایەن ئێران و تورکیاوە، خەریکە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی ئاو لەناوچەکەدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:38 0:00


XS
SM
MD
LG