Accessibility links

گوڵستان سەعید: کاتێک ڕەخنە دەگرین و بەدواداچوون دەکەین لەسەر گەندەڵی پێمان دەڵێن ئێوە لە حکومەتن نابێت قسە بکەن، ئەمەش گرفتێکی گەورەیە


لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارانی نێو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە لە فڕاکسیۆنە جیاجیاکانی پێکهاتوون ناڕەزایەتی خۆیان لەبارەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران دەڕبڕێوە بۆیە لەوبارەیەوە ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران واژۆکان کۆکردووەتەوە بۆ کۆتایی هێنان بە بابەتی لێبڕینی مووچە و لە هەوڵی ئەوەدان کە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی نێو پەرلەمان بکەن بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەو پرسە.

گولستان سەعید سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەڵویستی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەمەڕ بەردەوامبوون لە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" داوامان کردووە دانیشتنێکی تایبەت لە پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە لێبڕینی مووچە بهێنرێت، واژوومان کۆکردووەتەوە کە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە پەرلەمانی کوردستان بۆمان ڕوون بکەنەوە کە بۆچی ناتوانن مووچە بدەن، چونکە نەوت گران بووە و بەردەوام بازرگانی لە نێوان هەرێم و وەڵاتانی دراوسێدا هەیە و باج و گومرگ دەسەنن بۆچی ئەم داهاتە زیاد ناکەن ؟ ئەرکی پەرلەمانتارە کە دەبێت نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بێت و جگە لە مووچە دەبێت هەلی کاریش بڕەخسێت."

سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان دەشڵێت" کاتێک کە ڕەخنە دەگرین و بەدواداچوون دەکەین و ڕاپۆرتمان هەبێت لەسەر گەندەڵی وقاچاخچێتی و داگیرکردنی زەوی و موڵکی نشتیمان پێمان دەڵێن ئێوە لە حکومەتن نابێت قسە بکەن ئەمەش گرفتێکی گەورەیە، ئەگەر دڵسوزی ئەم وڵاتەی خۆمان بین دەبێت بە هەموومان چارەسەری بکەین داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە ئەگەر دەیانەوێ ئەم دەزگایە دەزگایەکی کارا بێت کە دەزگای پەرلەمانی خەڵکی کوردستانە دەبێت بەدواداچوون بکرێت و لێپرسینەوە هەبێت و ڕاپۆرت لەهەر ڕووداو و کارێکی نەخوازراو ئەگەر پەیوەندی بە وەزیرەکانی ئێمەشەوە هەبێت بکرێت و بانگهێشتیان بکەن".

لە میانەی وتووێژەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گولستان سەعید سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گووتی" لەناو پەرلەماندا هەندێک شت هەیە بووەتە فعلی هەم موزایەتی سیاسی و هەم خۆ بەپاڵەوانکردن ئەمانە زۆر کێشەی بۆ پەرلەمان و نێو فڕاکسیۆنەکانیش دروستکردووە کە لە ئەسڵدا نابێت وابێت، نابێت بانگەشەی هەڵبژاردن ببێتە هۆکارێک کە ڕەوشی ئەو دامەزراوەیە بەلارێدا ببڕێت و لە ئەسڵیشدا هەیمەنەی حکومەت زۆر زاڵە بەسەریدا تەنانەت لەڕووی دەرکردنی یاساکانیش".

دەقی وتووێژەکەی ئەحمەد زێباری لەگەڵ گوڵستان سەعید

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:46 0:00


XS
SM
MD
LG