Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ململانێی نابەرابەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا


ئەنجومەنی نیگەهبان لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرجەم ئەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکە کاندید کردبوو تەنها 7 کەسیان پەسەند کرد تا ببنە کاندیدی فەرمی بۆ هەڵبژاردنەکەی مانگی داهاتووی سەرۆکایەتی ئێران.

یەکێک لەوانەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە هەڵنەبژێردراوە پەسەندی کردووە، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە.

ڕەئیسی، وەک سەرچاوەکانی ناوخۆی ئێران و هەروەها ئاژانسە جیهانییەکانی هەواڵ ئاماژەی پێدەکەن، لە ساڵی 1988دا هاوکاتی کۆتاییهاتنی شەڕی 8 ساڵەی عێراق ئێران، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەبووە بە دۆسێی لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ لە ئێراندا؛ وەک جەختی لێدەکرێتەوە نزیکەی 5000 کەس لە نەیاران و جودابیرانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵکوژ کراون.

ئیبراهیم ڕەئیسی، لەوکاتەدا جێگری دادپارێزی گشتی بووە، بەشداریش بووە لەو دادگاییانەی لە زیندانەکانی ئەڤین و گەوهەردەشت دەکران.

لە فلیمێکی ڤیدیۆییدا کە ساڵی 2016 دزە دەکات و بڵاودەبێتەوە؛ لە بەشێکی ئەو ڤیدیۆیەدا، ئیبراهیم ڕەئیسی لەگەڵ ئایەتوڵا حوسەین عەلی مونتەزیری قسە دەکات. لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە، مونتەزیری بە ڕەئیسی دەڵێت "ئەوەی کراوە گەورەترین تاوانە لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا."

ڕەئیسی پاش هەوڵە زۆرەکانی تا پۆستی سەرۆکی ئێران بەدەست بێنێت لە ساڵی 2017دا، بەڵام شکستی هێنا و هەر لە هەمان ساڵدا، بە بڕیاری ئایەتوڵا خامنەئی، پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانی پێدرا.

پێشدەچێت ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کاندیدکردنی ڕەئیسی بەلاوە پەسەند بێت.

هەر لە ئێستاوە باس لەوەدەکرێت ئەگەری سەرکەوتنی ڕەئیسی لەم هەڵبژاردنەدا زۆرە؛ وەک دەگوترێت بە پلەی یەکەم چونکە دڵخوازی ئایەتوڵا خامنەئییە و بە پلەی دووهەمیش لەناو توندڕەوانی کۆنەپارێزی ئێرانیدا پشتیوانی دەکرێت؛ بە پێچەوانەی کاندیدەکانی ترەوە وەک، سەعید جەلیلی، موحسین ڕەزایی، عەلی ڕیزا زاکانی، ئەمیر حوسەین قازیزادە، موحسین میهرعەلیزادە، عەبدولناسر هیممەتی، کە ئەمانە نە دەچنە خانەی ئەوەی دڵخوازی ڕابەر بن و نە خاوەنی پێگەیەکی ئەوەندە بەهێزیشن لەناو ئێراندا تا بگوترێت لە توانایاندایە ڕێژەیەکی باش لە دەنگەکانی ئەو هەڵبژاردنەی مانگی 6ی سەرۆکایەتی ئێران بۆ خۆیان دەبەن.

هەرچۆنێکیش بێت دەشگوترێت؛ ئەنجومەنی نیگەهبان بە بەرنامە ئەو 7 کەسەی ڕاگەیاندووە تا سەرکەوتنێکی بێ گێرمەوکێشە بۆ ڕەئیسی مسۆگەر بکات.


میوانی بەرنامە:

دکتۆر هەردی مەهدی میکە، شارەزای کاروباری ئێران.

ئەنجومەنی نیگەهبان لەو نزیکەی 590 ناوەی دەیانویست ببنە کاندید، تەنها ئەو 7 ناوەی دەسنیشانکردووە و داواکانی ئەوانی تر ڕەتکراونەتەوە لەوانە؛ عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی مەجلیسی شورا. لاریجانی لەگەڵ ئەوەشدا بە کۆنەپارێز دادەنرێت بەڵام وەک هاوپەیمانێکی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئێستای ئێران سەیر دەکرێت و لە ساڵی 2015دا پشتیوانی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کردووە.

مەحمودی ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی پێشووی ئێران کە لە بەرەی کۆنەپارێزانی ئێرانە، ناوی ڕەتکراوەتەوە.

ئیسحاق جەهانگیری، وەک دیارترین کەسی سەر بە بەرەی ڕیفۆرمخوازان ناوی ڕەتکراوەتەوە. جەهانگیری جێگری سەرۆکی ئێستای ئێرانە.

هەرچۆنێک بێت ئاماژەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی ئێران کە بڕیارە ڕۆژی 18ی مانی 6 بکرێت، بەو ئاڕاستەیەدان کە پێناچێت ڕێژەیەکی بەرچاوی دەنگدەران بەشداری تیادا بکەن لەبەر چەند هۆکارێک؛ لەوانە، نابەرابەری لە نێوان کاندیدەکاندا، دەستێوەردان و بڕیاری پێشوەختی دامەزراوەکانی ئێران لەسەر هەڵبژاردن، ڕەوشی داتەپیوی ئابوری ئێران، کاڵبونەوەی متمانە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات لە ئێراندا و چەندان فاکتەری تریش.

ئایا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران، چ شتێک لەو وڵاتەدا دەگۆڕێت؟

جیاوازی لە نێوان سیازدەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران و هەڵبژاردنەکانی پێشوودا چین و ئایا خاڵی هاوبەش هەیە گەر بەراورد بکرێن؟

ئایا دەوڵەتی قوڵ لە ئێراندا چ ڕۆڵێکی هەیە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا؟

دکتۆر هەردی مەهدی میکە، شارەزای کاروباری ئێران، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکانداوەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:07 0:00

XS
SM
MD
LG