ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن قەیرانی وشکەساڵی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و لە هاوینی ئەمساڵدا زۆرێک لە شارە گەورەکان تەنانەت بۆ ئاوی خواردنەوە ڕووبەڕووی کەمی ئاو دەبنەوە.
قەیرانی وشکە ساڵی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە ڕۆژانە دەبێتە هۆی شەڕ لە نێوان گوندەکانی ئەو وڵاتەدا لەسەر بەشە ئاو.
هەروەها وەزیری وزەی ئێران دەڵێت کە ئەمساڵ ئێران یەکێک له وشکترین هاوینەکان بە خۆیەوە دەبینێت لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا.
بێ بارانی و بارینی کەم کە پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوییەوە هەیە و هەروەها بەکارهێنانی نادروست و لە ڕادەبەدەری سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوییەکان کە دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حکومەتن، وای کردووە ئێران تووشی قەیرانێکی وشکەساڵی ببێت کە ساڵ بە ساڵ بەرەو خراپتربوون بڕوات.
عیسا کەلانتەر کە خۆی بۆ ماوەی 12 ساڵ وەزیری کشتوکاڵی ئێران بووە و لەچوار ساڵ پێش ئیستاشەوە سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێرانە، دەڵێت ساڵانە 20 ملیار مەتری سێجا سامانی سروشتی و ئاوی ژێر زەوی بە شێوەی زیادی بەکاردێت و ئەمەش بە واتای تاڵانکردنی سەرچاوەکانی ئاوە.
ئەو لە کونفرانسێکدا کە لە بارەی وشکەساڵی بەڕێوەچوو، گوتی "شەڕی ئاو لە نێوان پارێزگا و گوندەکاندا دەستیپێکردوە و سروشتی ئێران کە بووەتە قوربانی سیاسەتی هەڵەی بەرپرسان لە ئیستادا دەیەوێت وەڵامی دەستدرێژی ئەم نەوە خۆپەرستە بداتەوە."
بەپێی رێککەوتنێکی ساڵی 1997ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، وڵاتانی ئەندام بەڵێنیان داوە ساڵانە تا 40٪ی سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوەییەکانیان بەکاربێنن، بەڵام ماوەی چەند ساڵە بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانە لە ئێران گەیشتووەتە سەد لە سەد و ئەمەش واتە تاڵانکردنی سەرچاوەی ئاوییە ژێرزەوییەکان.
ئاستی قەیرانەکە لە ئەمساڵدا تا چەند قووڵە؟
بەو پێیە کە یەکێک لەسەرچاوە دارییەکانی شارە کوردییەکان، کشتوکاڵ و کاری کشاوەرزییە، ناوچە کوردییەکان تا چەند ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ کشتوکاڵ؟
جیا لە نەبارینی باران، هۆکارەکانی دیکە چین بۆ وشکەساڵی و کەمی ئاو لە ئێراندا؟
بەرپرسانی ئێران دەڵێن زۆرێک لە شارە گەورەکان تووشی کەمی ئاو دەبنەوە ئەمساڵ، حکومەت بە تەمایە چۆن چارەسەری کێشەی ئەم شارانە بکات؟ ئایا لە ئاویی گوندەکان دەگرێتەوە بۆ شارە گەورەکان؟
دەرنجامەکانی کەم بوونی ئاو و وشکەساڵی لەسەر مەسەلەی تەندروستی چییە، بەتایبەت لە ئیستادا کە هێشتا پەتای کۆرۆنا وەک خۆی لەو وڵاتەدا ڕۆژانە گیانی خەڵک دەگرێت؟
لەساڵانی ڕابردوودا ئێران دەستیکرد بە دروستکردنی بەنداوی ئاو لە شارە جیاجیاکاندا، لە ئێستا دۆخی بەنداوەکان چۆنە کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەن؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بەفراو نووری لەدەنگی ئەمەریکای بەشی کوردییەوە لەگەڵ دکتور مەنسور سوهرابی، پسپۆڕی بواری ژینگە لە ئاڵمانیاوە گفتوگۆی کردووە.
دکتور سوهرابی لەم وتووێژەدا دەڵێت ئەمساڵ ئێران ڕووبەڕووی هاوینێکی قورس و کەم ئاو دەبێتەوە و ئەمەش زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە بەشی کەشتوکاڵ و ئاژەڵداری. ئەو هەروەها دەشڵێت خراپ بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی زۆر و هەڵەی سەرچاوە ئاوییە ژێر زەوەییەکان وایکردوە کە ئێران لە ئیستادا تووشی قەیرانی کەم ئاوی بێتەوە.
دکتور سوهرابی هەروەها دەڵێت دروستکردنی بەنداوەکان لە شوێنی خراپدا لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە وایکردووە کە زۆرێک لە ئاوی ئەو وڵاتە ببێتە هەڵم و ئەمەش هۆکارێکی دیکە دەبێت بۆ کەم ئاوی و وشکەساڵی.