وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستیکردووە بە سەردانی وڵاتی یۆنان بە مەبەستی دیدار لەگەڵ کەمایەتی موسڵمانی ئەو وڵاتەدا.
لێدوانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەی مەولود چاوشئۆغڵو، بوونەتە مایەی ناڕەزایی و توڕەیی کاربەدەستانی یۆنان.
چاوشئۆغڵو، هەر کە لە فڕۆکەکەی دادەبەزێت لە فڕۆکەخانەی ئەلیکساندەرپۆڵس لە باکوری ڕۆژهەڵاتی یۆنان و نزیک لە سنوری تورکیاوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "لە یۆنانم بۆ دیدار لەگەڵ ئەندامانی کەمایەتی تورک لە تراقیا و باشکردنی پەیوەندییە دوو لایەنییەکانمان."
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی خوێندنگەیەک و دواتر گوندێک و ئەوجاش کونسوڵخانەی تورکیای کردووە و لەوێش لەگەڵ نوێنەرانی کەمایەتی موسڵمانەکاندا کۆبۆتەوە.
لە نوسینێکی تریدا هەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا، مەولود چاوشئۆغڵو دەنوسێت "جەختم کردۆتەوە لەوەی هەمیشە و بە جێگیرییەوە پستیوانی لە خەباتی کەمینەی تورک دەکەین لە پێناو مافەکانیدا، جارێکی تریش سووربوونی تورکیام بۆ ئەم پشتیوانییە دووبارە کردۆتەوە."
یۆنان دەڵێت کەماینەی موسڵمانانی وڵاتەکەی لە ژمارەیەک نەژادی جیاواز پێکهاتووە و ئەوەیش کە چاوشئۆغڵو بەوەی ئەو کەمینەیە تورکن، ناڕەزایی و توڕەیی وەزارەتی دەرەوەی یۆنانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی یۆناندا نوسراوە "کەمایەتی موسڵمانەکان لە تراقیا نزیکەی 120 هەزار کەسی یۆنانین و هەوڵە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ پێچەوانە کردنەوەی ئەو ڕاستییە و قسە و باسی ئەوەی مافیان نەپارێزراوە یان جیاوازییان لەگەڵدا دەکرێت، بێ بنەمان و بە تەواوەتیش ڕەتی دەکەینەوە."
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە یۆنان دەخوازێت پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا باش بکرێنەوە بەڵام لەگەڵ ڕێزگرتنی یاسا نێونەتەوەییەکان، کە مەرجی پێشوەختی یۆنانە.
وەهاش بڕیارە ڕۆژی دووشەممە چاوشئۆغڵو لە ئەسینا لەگەڵ سەرەک وەزیری یۆناندا کۆببێتەوە و هەروەهاش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەدا، ئەم کۆبوونەوەیەش وەک هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەو دیالۆگەی لە نێوان ئانکەرە و ئەسینا دەستیپێکردووە پاش تێکچوونی پەیوەندییەکانیان لەسەر جموجۆڵەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.
چاوشئۆغڵو پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئامانج لەو سەردانەی، ئامادەکارییە بۆ کۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و سەرەک وەزیری یۆنان هاوکاتی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە برۆکسل کە بڕیارە ڕۆژی 14ی مانگی 6 بکرێت.
وتەبێژی حکومەتی یۆنان دەڵێت، سەردانەکەی چاوشئۆغڵو بۆ تراقیا سەردانێکی تایبەتە و دەشڵێت "یۆنان وڵاتێکی کراوە و دیموکراسییە و هەرگیز ڕێگە لە سەردانە تایبەتەکان ناگرێت."