سەرۆک جۆو بایدن ڕێز لە قوربانیانی ئەمەریکایی دەگرێت لە ڕۆژی یادەوەریدا و لە گۆڕستانی نیشتمانی ئاڕلینگتۆن تاجە گوڵینەی لەسەر گۆڕی سەربازی ون داناوە و ستایشی ئەو سەربازانەیشی کردووە کە ژیانی خۆیان لە پێناو دیموکراسیدا بەخت کردووە.
سەرۆک بایدن، ئەمڕۆ دووشەممە بە یاوەریی خانمی یەکەمی ئەمەریکا و هەروەها کامڵا هێرس، جێگری سەرۆک و هاوسەری خانم هێرس، بەشدارییان لەو مەڕاسیمەدا کرد کە لەسەر گۆڕی سەربازی ون کرا لە گۆڕستانی نیشتمانی لە ستانی ڤێرجینیا.
هەست و سۆز بە ڕوخساری سەرۆک بایدنەوە دیاربوو هاوکاتی ڕۆیشتنی بەرەو دانانی تاجە گوڵینەکە و داوایشی لە هاوڵاتیانی ئەمەریکایی کرد یادکردنەوەی قارەمانەکانیان بەرز ڕابگرن وەک سەرۆک بایدن دەڵێت "ئەوانەی لە پێناو بەهاکانی ئەمەریکادا گیانیان بەخت کرد."
سەرۆک بایدن لە وتارەکەیدا دەڵێت "ئەم وڵاتە لەسەر بنەمای بەهاکان دروست بووە و ئێمە لەسەر بەهاکانی سەربەخۆیی و دەرفەت بۆ هەمووان دروست بووین. هەرگیز بە تەواوەتی بەو خواستەی دامەزرێنەرانی وڵاتەکەمان نەزانیوە، بەڵام نەوە لە دوای نەوە، کەمێک فراوانتر دەروازەکان کراونەتەوە."
سەرۆک بایدن لە زۆربەی وتارەکەیدا باسی لە گرنگی دیموکراسی کرد و دەڵێت دیموکراسی لە گەشەکردندا دەبێت کاتێک هاوڵاتی دەتوانێت دەنگ بدات، کاتێک میدیای ئازاد هەبێت و ئەو کاتەش کە مافی یەکسان بۆ هەمووان هەبێت.
سەرۆک بایدن دەڵێت "نەوە لە دوای نەوەی قارەمانانی ئەمەریکایی واژۆیان کردووە لەسەر ئەوەی ببنە بەشێک لەو شەڕەی دەکرێت لە پێناو دیموکراسیدا چونکە تێگەیشتوون لەو ڕاستییەی لە دڵی هەموو ئەمەریکاییەکدایە کە سەربەخۆیی و دەرفەت و دادوەری لە دیموکراسیدا دێنە دی نەک لە سیستەمی سەرکوتکاریدا."