Accessibility links

هاوڵاتیانی ئەفغانی داوای جێهێشتنی وڵاتەکە دەکەن و تاڵیبانیش دەڵێت مەترسن


تاڵیبان دەڵێت ئەو هاوڵاتیانەی ئەفغانی کە پێشتر کاریان لەگەڵ هێزە بیانییەکاندا کردووە پێویست ناکات بترسن ئەگەر "پەشیمان بوونەوەی خۆیان نیشان بدەن" پاش ئەوەی هێزە سەربازییە نێونەتەوەییەکان وڵاتەکە جێدەهێڵن.

بە هەزاران هاوڵاتی ئەفغانی ڤیزای وڵاتانی تریان وەرگرتووە تا لە دەرەوە بژین دوای ئەو کارانەی لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆدا کردوویانە، بەتایبەتی وەک وەرگێڕ، بەڵام بە سەدان خەڵکی تریش دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن بەر لەو دوا وادەیەی سەرۆک جۆو بایدن دایناوە بۆ کشانەوە لە ئەفغانستان.

سەرۆک بایدن ڕۆژی 11ی مانگی 9ی داناوە بۆ کشانەوە لەو وڵاتە.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا زۆرێک لە وەرگێڕەکان، لە کابوڵ خۆپیشاندانیان کردووە و داوا دەکەن هێزە بیانییەکان و باڵیۆزخانەکانی کاریان لەگەڵدا کردوون، یارمەتییان بدەن تا ببرێنە دەرەوەی ئەفغانستان.

تاڵیبان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت لەلای تاڵیبانەوە هیچ مەترسییەک نییە بۆسەر ئەوانەی کاریان لەگەڵ هێزە بیانییەکاندا کردووە، بەڵام دەشڵێت "میرنشینی ئیسلامی دەخوازێت بە هەموو ئەو خەڵکانە بڵێت کە ئاماژەیان پێکراوە، پێویستە پەشیمانی خۆیان دەرببڕن لە کارەکانی پێشوویان و ناشبێت لە ئایندەدا بەشدارییان لە کارێکی تری هاوشێوەدا هەبێت کە دەگاتە ئاستی خیانەت لە ئیسلام و لە وڵاتیش."

تاڵیبان دەڵێت لە کاتێکدا ئەو هاوڵاتییە ئەفغانیانەی لەگەڵ هێزە بیانییەکاندا کاریان دەکرد وەک دوژمن سەیر دەکران، ڕووبەڕووی هیچ دۆسێیەک ناکرێنەوە کاتێک دەستبەرداری ڕیزەکانی دوژمن دەبن.

XS
SM
MD
LG