Accessibility links

داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی لیبیا ڕادەگەیەنێت


ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆی ڕادەگەیەنێت لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە شاری سەبها لە باشوری لیبیا.

لەو تەقینەوەیەدا بەپێی لێدوانی کارمەندێکی ئاسایشی دوو کەسی سەر بە هێزە ئاسایشییەکان کوژراون.

ئەم ڕێکخراوە جیهادییە لە ماڵپەڕی ئەعماقدا ئەمڕۆ دووشەممە نوسیویە "هێرشبەرێکی خۆکوژ، بنکەیەکی پشکنینی کردۆتە ئامانج کە سەر بە میلیشیاکانی دیکتاتۆر حەفتەر بوون." وەک ئاماژەیەک بە خەلیفە حەفتەر، کەسایەتی بەهێزی لەشکری لیبیا.

سەرچاوەیەک لە هێزەکانی پۆلیسەوە دەڵێت لەو هێرشەی رۆژی یەکشەممەدا دوو ئەفسەری ئاسایش کوژراون و پێنجی تریش بریندارن.، بەڵام داعش دەڵێت لەو هێرشەیدا 4 کەس کوژراون.

ئەمەش یەکەمین جارە لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵدا داعش لە لیبیادا بەرپرسیارێتی خۆی ڕابگەیەنێت، بەپێی نیوەندی زانیاری سایت، بنکە لە ئەمەریکا کە چاودێری ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان دەکات.

شاری سەبها، پایتەختی هەرێمی فەزان، لەلایەن هێزەکانی سەر بە حەفتەرەوە کۆنترۆڵکراوە و لەم چەند ساڵەی رابردوودا شوێنێک بووە بۆ ژمارەیەک هێرشی جیهادییەکان.

لیبیا لە هەوڵدایە بۆ دەرچوونی لە 10 ساڵی ئاژاوەگێڕی و قەیران کە لە دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی موعەمەر ئەلقەزافی، دیکتاتۆری وڵاتەکەوە دەستیپێکردووە. هاوپەیمانێتی ناتۆ، پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی 2011ی لیبیا کرد.

XS
SM
MD
LG