Accessibility links

ئیسپانیا لێبوردن دەردەکات بۆ دەستگیرکراوە جوداییخوازەکان


سەرەک وەزیری ئیسپانیا
سەرەک وەزیری ئیسپانیا

لایەنگرانی ڕاستڕەوەکانی ئیسپانیایی لەناوجەرگەی شاری مەدریددا گردبوونەتەوە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر خواستی سەرەک وەزیری وڵاتەکە تا بە بڕیاری لێبوردنێک، ئەو کاتالۆنیانەی لە ساڵی 2017دا هەوڵی جیابوونەوەیان دابوو ئازاد بکرێن.

خۆپیشاندانەکە لە مەیدانی کۆلۆن کرابوو، وەک ڕێکخەرانی ئەم خۆپیشاندانە دەڵێن بەهۆی ئەوەی گەورەترین ئاڵای ئیسپانیا لەو مەیدانەدا هەڵکراوە.

پێشتریش لەو مەیدانەدا، دەیان هەزار کەس لە ڕاستڕەوەکان لە مانگی 2ی ساڵی 2019دا خۆپیشاندانیان کرد و داوای دەست لەکار کێشانەوەی پێدرۆ سانچیز، سەرەک وەزیری وڵاتەکەیان دەکرد و گوناهباریان دەکرد بەوەی خیانەتی کردووە چونکە دیالۆگی لەگەڵ جوداییخوازەکانی کاتالۆنیادا کردووە.

ئەم فرمانی لێبوردنە کە بڕیارە بەر لە پشووی هاوین بە فەرمی پەسەند بکرێت، مشتومڕێکی زۆری ناوەتەوە و سەرەک وەزیریش بە هەنگاوێکی هێورکردنەوە دایدەنێت لە چوارچێوەی ئەو دیالۆگەی دەکرێت بۆ گەیشتن بە دەرچەیەک لە قەیرانی کاتالۆنیا.

سانچیز لە هەفتەی ڕابردوودا و هاوکاتی سەردانەکەی بۆ ئەرجەنتین ئاماژەی بەوە کردبوو کە تێگەیشتنی هەیە لەسەر دژایەتیکردنی هاوڵاتیان بەرامبەر ئاوەها بڕیارێک کاتێک بیر لە ساڵی 2017 دەکەنەوە، بەڵام جەختیشی کردۆتەوە لەوەی وەک دەڵێت "داوای سنگ فراوانی و پشوودرێژی لە هاوڵاتیانی ئیسپانیا دەکەم، چونکە ئەو پێکەوە ژیانەی لەبەردەمماندایە پێویستی بە گرنگی پێدانە."

بەڵام ئۆپزسیۆنی ڕاستڕەو لە ئیسپانیا دەڵێن "ئەوەی سەرەک وەزیر دەیکات بریتییە لە لەبەردانەواندنێکی نوێ بۆ جوداییخوازان."

پابلۆ کاسادۆ، ڕێبەری پارتی میللی دەڵێت "ئەو بڕیاری لێبوردنە هەڵەیەکی مێژووییە و هیچ شتێک چارەسەر ناکات، تەنها ڕزگارکردنی حکومەت نەبێت."

XS
SM
MD
LG