Accessibility links

یۆنان لەسەر دۆسێی پەنابەران و تورکیا ڕووبەڕووی ڕەخنەی قورس دەبێتەوە


دەیان ڕێکخراوی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، ڕەخنە لە بڕیاری وڵاتی یۆنان دەگرن چونکە تورکیای بە وڵاتێکی "پارێزراو" داناوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانەی دەشێت بگەڕێندرێنەوە و مافی پەنابەرێتییان نەدرێتی.

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور لقی یۆنان و ڕێکخراوی چاودێری یۆنان هێلسنکی و ژمارەیەک ڕێکخراوی تریش کە داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکەن دەڵێن " لە تورکیا ئەو خەڵکانەی لە وڵاتانی دەرەوەی ئەوروپا هەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی دەدەن لە ئەوروپادا، بەپێی پەیماننامەی ساڵی 1951 ی پەنابەران، پارێزراویی نێونەتەوەییان نییە."

لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی 40 ڕێکخراودا ئاماژەش بەوە کراوە ، تورکیا لە مانگی 3دا ڕایگەیاندووە لە پەیماننامەی ئەستانبوڵ دەکشێتەوە و وەک بەرەنجامێکیش قوربانیانی توندوتیژییە جێندەرییەکان ناپارێزێت.

لەو ڕاگەیەندراوە هاوبەشەی ئەمڕۆ دووشەممەدا هاتووە " لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی بەرچاو ڕاپۆرت هەبوون و ئاگاهییانداوە سەبارەت بە گێڕانەوەی زۆرە ملێیی پەنابەران لە تورکیاوە تەنانەت بۆ ناوچەکانی شەڕ لە سوریادا."

وەزارەتی کۆچبەرانی یۆنان، لە هەفتەی ڕابردوودا بڕیارێکی پەسەند کردووە و تورکیا بە وڵاتێکی پارێزراو داناوە بۆ ئەوانەی لە سوریا و ئەفغانستان و پاکستان و بەنگلادیش و سۆماڵیاوە هەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی دەدەن.

وەزارەتی کۆچبەرانی یۆنان دەڵێت "ئەوانە بەهۆی ئاین و ڕەگەزنامە و ڕوانینی سیاسی و تێکەڵ بوون لەگەڵ بەشێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتیدا ناکەونە بەر مەترسی و باشترە لە تورکیا هەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی بدەن وەک لە یۆنان."

لە 15 مانگی ڕابردوودا، توکیا ڕەتیکردۆتەوە 1453 پەنابەر وەربگرێتەوە کە دەسەڵاتدارانی یۆنان دەیانویست بیانگێڕنەوە.

لە سەدا 47ی پەنابەرانی لە ئۆردوگاکانی یۆناندان خەڵکی ئەفغانستانن و لەسەدا 15ش خەڵکی سوریان و لەسەدا 9ش خەڵکی سۆماڵیان، بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

XS
SM
MD
LG