لەکاتێکدا هێشتا دیار نیە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە وادەی دیاریکراودا ئەنجام دەدرێت یاخود نە، بەڵام لەئێستاوە مشت و مڕ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دروستبووە و پێکهاتە و لایەنەکان کێشمەکێشیانە لەسەر ئەو پۆستە.
عەرەبی سونە لە ئێستاوە چاوی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارە و داوایدەکات، کوردیش کە تائێستا ئەو پۆستەی لابووە یەکدەنگ نیە، بەتایبەت یەکێتی بە پشکی خۆی دەزانێت و پارتیش دەیەوێت پۆستەکە بەکەسێک بدرێت جێی ڕەزامەندی خۆی بێت، چاوەڕوان دەکرێت شیعەکانیش قسەی جدیان لەسەر ئەو پۆستە هەبێت.
پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە ساڵی 2005 ەوە لای کوردە و جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی بۆ دوو خول سەرۆک کۆماربوو، دواتر فوئاد مەعسوم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پۆستەکەی وەرگرت و لە ئێستادا بەرهەم ئەحمەد ساڵەح سەرۆک کۆمارە و چاوی لە وەرگرتنەوەی پۆستەکەیەتی.
ئیسماعیل حەدیدی سەرکردەی عەرەبی سونە، ئاماژەبەوەدەکات سەرۆکایەتی پەرلەمان کە دەسەڵاتی یاسادانانە بۆ عەرەبی سونە گرنگە و عەرەبی سونە چاوی لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک پەرلەمانە، بەڵام جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە لەنێو عەرەبی سونەدا، ژمارەیەک کەسایەتی پۆستی سەرۆک کۆمار بەگرنگتر دەزانن و تەماعی شەخسیان بۆ پۆستەکە هەیە.
حەدیدی وتی"ئەو کەسایەتیە عەرەبانەی چاویان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارە، بیانوویان ئەوەیە عێراق وڵاتێکی عەرەبیە و ناکرێت کوردێک سەرۆکی بێت."
بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری عێراق کە ئێستا چاوی لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەکەیەتی، بەئەستەم پێشتر دەستی بەو پۆستە گەیشت، بەو پێیەی پارتی دیموکراتی کوردستان دکتۆر فوئاد حسێن ی وەزیری دەرەوەی عێراقی کردە ڕکابەری و هەوڵێکی زۆری دا بۆ دەستخستنی ئەو پۆستە، بەڵام دواجار هێزە شیعیەکان لەنێو پەرلەماندا ئەو پرسەیان بەقازانجی بەرهەم ساڵەح یەکلایی کردەوە.
لە ئێستاشەوە، بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، نایشارنەوە کە چاویان لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمارە، لەکاتێکدا یەکێتی دەستبردن بۆ ئەو پۆستە کە بەپشکی خۆیی دەزانێت، بەهێڵی سور ناودەبات، ئەمەش وایکردووە پۆستی سەرۆک کۆمار کە پشکی پێکهاتەی کوردە، هەر لەنێو کورددا مشت و مڕی لەسەر هەبێت.
یەکدەنگ نەبوون و مشت و مڕی نێوخۆیی کوردی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، دەرفەتی زیاتری بۆ عەرەبی سونە ڕەخساندووە، تا بە ئاشکرا هەوڵی دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆک پەرلەمان بدات و چاوی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بێت.
شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هەڤاڵەکانی ئێمە لەگەڵ شیعە و سونەدا گفتووگۆیان کردووە، ئەو پەیامەیان پێگەیاندوون، کە پۆستی سەرۆک کۆمار هی کوردە و لەنێو کوردیشدا پشکی یەکێتی یە، بۆیە دەستبەرداری نابین."
هەرچەندە لەنێو کوردد ا مشت و مڕ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە ئارادایە و عەرەبی سونەش چاوی لەسەریەتی، بەڵام هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردن چارەنوسی ئەم پۆستە یەکلایی دەکاتەوە، ئەمەش دەوەستێتەوە سەر ئەوەی کە پارتی و یەکێتی کامیان دەتوانن، پشتیوانی کوتلە بەهێزەکانی شیعە بەدەست بهێنن.
لەئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان گفتووگۆی بەردەوامی لەگەڵ ڕەوتی سەدرهەیە و یەکێتی نیشتیمانیش لەگەڵ هێزە شیعەکانی تر لە گفتووگۆدایە، بەڕای چاودێران پارتی دیموکرات خوازیارە گەر پۆستەکەش درایەوە بەیەکێتی، بدرێتە کەسێک ڕەزامەندی ئەوی لەسەر بێت، شیعەکانیش نایانەوێت کەسێک ببێتە سەرۆک کۆمار مایەی گرفت بێت بۆیان، بەتایبەت لەماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا، زۆرترین ڕەخنەیان لەسەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکومەت گرتووە.
بورهان محەمەد فەرەج چاودێری سیاسی، پێیوایە ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو، چارەنوسی پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق یەکلایی دەکاتەوە، بەتایبەت عەرەبی سونە چاوی لەسەر ئەو پۆستەیە و ململانێش لەسەری لەنێوان یەکێتی و پارتی دروستبووە، وتی"پۆستی سەرۆک کۆمار کە یەکێتی بەپشکی خۆی دەزانێت، هەرچەندە پۆستێکی تەشریفاتیە، بەڵام بۆ کورد گرنگە."
یەکێتی لە ئێستادا فشارەکانی زیاتر بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارە و دەیەوێت بۆ ئەو مەبەستە ڕەزامەندی لایەنە عێراقیەکان و بەتایبەت لایەنە شیعەکان بەدەست بهێنێت، کە ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوودا، مشت و مڕەکان بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی پۆستەکە کورت ببێتەوە، گەر لایەنە شیعەکان بە تەواوەتی قایل بوون.