Accessibility links

وردەکاری شەڕی ئاو لەنێوان عێراق، ئێران و تورکیا


شارەزایەکی بواری قەیرانە ئاویەکان، ئاماژە بەوەدەکات دوای تەواوکردنی ئەو بەنداوانەی کە ئێران و تورکیا لەسەر سەرچاوە ئاویەکان دروستیانکردوون، عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە و تەنانەت "خنکاندن" دەبێتەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت شارەزا لەبواری قەیرانی ئاو، کە تائێستا دوو کتێبی لەسەر ئەو بابەتە نوسیووە، دەڵێت"پرۆژەی گاپ کە لەلایەن تورکیاوە بونیاتنراوە، لە 22 بەنداو پێکدێت، چوار بەنداوی لەسەر سەرچاوەی ڕووباری فورات و ئەوانیتری لەسەر سەرچاوەی ڕووباری دیجلە دروستکردووە، کە 19 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای لێ بەرهەمهێناوە."

بەبڕوای ئەو شارەزایەی بواری ئاو، پرۆژەکانی تورکیا ئاسایی نین و تەنها بۆ گلدانەوەی ئاو نین، بەڵکو فرە مەبەستن، دەیەوێت لەڕێگەی گلدانەوەی ئاوەوە، کۆنترۆڵی سیاسەت و بازاڕ و کشتوکاڵی عێراق بکات.

دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت
دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت

دکتۆر عەبدولموتەلیب، ڕوونیشیکردەوە تورکیا سەرقاڵی دروستکردنی نزیکەی سێ بەنداوی ترە لەسنوری فیشخاپور، کە ئەو پرۆژانەش تا چوارساڵی تر تەواو دەبن، ئەمە جگە لەوەی لەسەر سەرچاوەی ئاوی زێی گەورەش، دیزاینی دروستکردنی 6 بەنداوی تری کێشاوە، وتی"ئەمانە عێراق دەخەنە مەترسی گەورەوە، عێراق ڕووبەڕووی گرفتی ئاسایشی نەتەوەیی و خۆراک و ئاوی دەکاتەوە."

دەربارەی ئەو پرۆژانەی ئێران لەسەر سەرچاوە ئاویەکانی هەرێم و عێراق دروستیکردوون،دکتۆر عەبدولموتەلیب کە دوو کتێبی بەناوەکانی ( ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان گرفت و چارەسەر) و ( کورد و عێراق لە سیاسەتی ئاوی وڵاتانی سەرچاوە) نوسیووە، ئەوەی خستەڕوو ئێران دوو پرۆژەی گەورەی لەناوچە سنوریەکانی نێوان هەرێم و وڵاتەکەی بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکردووە، یەکێک لەو پرۆژانە پرۆژەی ئاوی گەرمەسێرە، کە لەسەر سەرچاوەی ڕووباری سیروان دروستیکردووە و پێکهاتووە لە 13 بەنداو، ئەو بەنداوانە توانای گلدانەوەی یەک ملیار و نیو مەتر سێجا ئاویان هەیە، کاتێکیش ئەو بەنداوانە سەرڕێژ دەبن، بەڕاستەوخۆ ئاوەکە نایەتە ناو عێراق و هەرێم، بەڵکو ئێران بەنداوی تری بچوکی دروستکردووە و ئاوەکە دەڕژێتە نێو ئەو بەنداوانە، وتی"ئاوی نێو بەنداوە دروستکراوەکانی ئێران کاتێک سەر ڕێژدەبن، ئێران لەڕێگەی تونێلی نەوسودەوە ئاوەکە لە کرماشانەوە بۆ ئەهواز دەگوێزێتەوە،کە تیرەی تونێلی نەوسود 9 مەترە و توانای گواستنەوەی نزیکەی یەک ملیار و نیو مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێران سود لەو ئاوە دەبینێت بۆ بەئاویکردنی نزیکەی 100 هەزار هێکتار زەوی، ئەمەش کاریگەری تەواوی لەسەر کەمبوونەوەی ڕووباری سیروان هەبووە."

بەپێی وتەی شارەزاکەی بواری ئاو، ئێران پرۆژەیەکی تری لەسەر زێی بچوک دروستکردووە، کە ناسراوە بەپرۆژەی گەشەپێدانی دەریاچەی ورمێ، ئەم دەریاچەیە ماوەی چەند ساڵێکە توشی گرفتی کەم ئاوی بووە و ئاوەکەی 70% دابەزیووە، ئێران هەوڵدەدات لەڕێگەی تونێلەوە ئاوی زێی بچوک بۆ دەریاچەی ورمێ بگوێزێتەوە، بەم پرۆژەیە ساڵانە 650 ملێۆن مەتر سێجا، ئاو لە سەرچاوەی زێی بچوکەوە بۆ دەریاچەی ورمێ دەبات.

دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، جەختیشیکردەوە"عێراق کە پێشتربە وڵاتی ئاوی ناسراوە، بەهۆی قەیرانی ئاو و گۆڕانکاری ژینگەیی و کاریگەری بەبیابان بوون، لەداهاتوودا ئاسایشی ئاوەکەی دەکەوێتە مەترسیەوە و توشی قەیرانی ژینگەیی و کشتوکاڵی دەبێت، بەشێوەیەک گەر گرفتی کەم ئاوی چارەسەر نەکات، ژیان تێیدا قورس دەبێت."

دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری ئاو، پێیوایە عێراق دەتوانێت کۆمەڵێک ڕێگەبگرێتە بەر بۆ بەرگرتن بەقەیرانی ئاو، هەندێک لەو ڕێگایانەی ئاشکراکرد و ڕوونیکردەوە ڕێگەی یەکەم، دەستبردنە بۆ ڕێگەی دبلۆماسی و ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئێران و تورکیا، ڕەنگە ئەمە ئەنجامی نەبێت، بەڵام ڕێگەی دووەم سکاڵا تۆمارکردنە لەسەریان، چونکە ئەو ڕووبارانە نێودەوڵەتین و پشکی هاوڵاتیانی عێراقیان تێدایە، کارتی تریش هەیە عێراق بەکاری بهێنێت، بەڵام پێی ناکرێت، چونکە بووەتە جێبەجێکاری ئەجێندای ئەو وڵاتانە.

بەبڕوای ئەو شارەزایە، باشترین ڕێگە بۆ عێراق لەئێستادا، بەڕێوەبردنی ڕووبارە ناوخۆییەکانە بەشێوەیەکی زانستی، هەروەها زیادەڕۆیی سەر ڕووبارەکان نەهێڵرێت، ڕێگە نوێ یەکانی وەکو دڵۆپاندن و بەکارهێنانی ئاوی پاشەڕۆ بۆ سەرچاوە کشتوکاڵی و پیشەسازیەکان بەکاربهێنرێت.

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری قەیرانە ئاویەکان، پێیوابوو دروستکردنی بەنداوی بێخمە لەناوچەی بارزان کە پرۆژەکە ڕاگیراوە، بەشێکی زۆر لە گرفتە ئاویەکان چارەسەر دەکات، بەو پێیەی بەنداوەکە گەر تەواو بکرێت، 17 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت و زۆربەی سەرچاوەکانیشی لە عێراقەوەن، وتی"ڕێگری هەیە لەم پرۆژە، چونکە ژمارەیەکی زۆر گوند و بەشێک لە زەوی کشتوکاڵی ناوچەی بارزان ژێر ئاو دەکەون، ئەمە جگە لەوەی هەرێم پێیوایە، پرۆژەکە ناوچەکانی هەرێم لەیەکتری دادەبڕێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:02 0:00


XS
SM
MD
LG