شاندێکی کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی بێسەروشوێنبوان لە عێراق بە سەرۆکایەتی ئەلێکساندەر هوگ، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردو لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی هەڵەبجە و ڕێکخراوەکانی بواری ژینۆساید کۆبوونەوە و جەختیان لەگرتنەبەری ڕێگەچارەی گونجاو کردەوە بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە.
نەوشیروان لەتیف بەڕێوبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئێمە دوو کەیس دەمانبەستێتەوە بە کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی بێسەروشوێنبوانەوە کەیسی گوڕەبەکۆمەڵەکان و ونبوانی تاوانەکانی ژینۆساید کە دژ بە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون ، لە ڕابردوودا هاوکاری باشیان کردووین دەخوازین بۆداهاتووش پشتیوانمان بن".
دواتر ئەلیکساندەر هوگ سەرۆکی شاندەکە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا ڕایگەیاند"ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی چیروک و ئێش و ئازارەکانی هەڵەبجە ببینین، کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی بێسەروشوێنبوان لێرە پشتیوانی لە کەسوکاری بێسەروشوێنبوان دەکات، هەرکەسێک ڕۆڵێکی هەیە لە دۆزینەوەی بێسەروشوێنبواندا،دڵنیاتان دەکەینەوە یارمەتی ئێوە دەدەین بەهەر تێچوویەک بێت بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنکراوان".
کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی بێسەروشوێنبوان لەگەڵ هەریەک لە کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و ڕێکخراوی مناڵە ونبووەکانی هەڵەبجە کۆبوەوە، دوایین داتا و زانیاریەکانی تایبەت بە منداڵانی ونبوانی وەرگر.
لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا بەپێی ئامارەکان 111 مناڵ لە نەخوشخانەکانی ئێراندا ونبوون، ئێستا 97 خێزان سکاڵای وونبوونی منداڵەکانیان لە دادگای هەڵەبجە تۆمار کردووە، کەسوکاری منداڵە ونبوەکان سەرەڕای داواکاری بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبوەکانیان داوایان کردووە سەنتەرێکی (دی ئێن ئەی) لە هەڵەبجە بکرێتەوە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.