لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بۆ توشبوانی شێرپەنجە، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە گرفتەکانی نەخۆشخانەی هیوا چارەسەرکراون.
نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی نەخۆشخانەیەکی تایبەتە بە تووشبوانی شێرپەنجە و بە یەکێک لە گرنگترین نەخۆشخانەکانی دێتە ئەژمار، کە لە تەواوی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی باشووری عێراقیشەوە نەخۆش وەردەگرێت.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "دڵنیایی دەدەینە نەخۆش و هاوڵاتی و کەسوکاریان کە بەبێ هیچ گومانێک هەموو خزمەتگوزارییەکانیان بەردەوام دەبێت و ئەمە دورە لە هەر پڕوپاگەندەیەک کە نەخۆشخانەکە دادەخرێت، بە کەرتی تایبەت دەدرێت یان نەخۆشخانەکە فرۆشراوە. جارێکی تر ئێمە ئەم پڕوپاگەندانە ڕەتدەکەینەوە."
لە هەفتەی ڕابردوودا کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەی هیوا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانیان گرت، ئەمەش دوای ئەوەی سەرەڕای نەهاتنی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەکە، کارمەند و پزیشکەکان بۆ ماوەی ٦ مانگ و نیوە هیچ بڕە پارەیەکیان وەرنەگرتووە.
لەمبارەیەوە دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وتی "ئەو گرفتانە، بەشێکی دواکەوتنی موچەی کارمەندان و پزیشکان بووە کە لەبری نۆرینگە ئەوان لەم نەخۆشخانەیەدا دەوام دەکەن بێ ئەوەی بچنە نۆرینگەی تایبەتی خۆیان. گرفتێکی تر کێشەی دەرمانە کە کێشەی هەموو هەرێمی کوردستانە و گەر ئەم کێشەیە درێژە بخایەنێت پڕیشکی بەر هەموو نەخۆشخانەکان دەکەوێت. بە حوکمی ئەوەی دەرمانەکان لە نەخۆشخانەی هیوا گرانترن و ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە هاوڵاتی لەسەر ئەم دەرمانەن، بۆیە زووتر دەنگە ناڕەزاییەکە بەرزبوویەوە."
چەند سەرچاوەیەکی جیاواز ئاماژەیان بەوە کردووە کە خەرج نەکردنی پارەی پێویست بۆ نەخۆشخانەی هیوا هەوڵێکی بە ئەنقەستە بۆ پەکخستنی نەخۆشخانەکە و ئاڕاستەکردنی نەخۆش و پزیشک و کارمەندەکان بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە لە کەرتی تایبەتدا، بەڵام د. سەباح بەرزنجی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنە سیاسیی و حکومییەکان هەوڵی جدییان خستووەتە گەڕ بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکە و ناهێڵن لە کارکردن بوەستێت.
"دڵنیاتان دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی شاری سلێمانی و لایەنە سیاسییەکان بەجدی پشتگیری نەخۆشخانەی هیوا دەکەن و ناهێڵن خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەی هیوا بوەستێت."
دەنگۆی داخستن و پەکخستن و پێدانی نەخۆشخانەی هیوا بە کەرتی تایبەت کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاوڵاتیان هەستان بە ئەنجامدانی کەمپینی جیاواز بۆ پشتگیریکردنی نەخۆشخانەکە و وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمیش لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نەخۆشخانەکەوە دڵنیایی بە هەموو لایەک دا.
زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی ڕێباز مەجید، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە: