بڕیارە وتووێژەکانی ڤیەننا بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە دەستپێبکاتەوە بۆ سنوردارکردنی جموجۆڵە ناوکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران.
گەورە دیپلۆماتکارانی چین و ئەڵمانیا و ڕوسیا و بەریتانیا لە ئوتێلێکی ڤییەنا، پایتەختی نەمسا کۆدەبنەوە و وتوێژەکانی ئەمڕۆشیان درێژەی دانوستاندنەکانیانە لەسەر ئەگەر و نەگەری گەڕانەوە و وابەستەیی بۆ ئەو ڕێککەوتنە ناوکییەی ساڵی 2015 مۆرکرا.
دیپلۆماتانی زلهێزەکانی جیهان، تا ئێستا 6 گەڕی وتووێژیان کردووە.
میکائیل ئولیانۆڤ، نوێنەری ڕوسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "ئەو وڵاتانەی ڕێککەوتنی ناوکی ئێرانیان مۆرکردووە، بڕیار دەدەن و جێگیرکردنەوەی ڕێککەوتنەکە هاوڕایی لەسەرە بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە."
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاماژەی بەوەکردووە هەموو بەڵگەنامەکانی ڕێککەوتنە ناوکییەکە دانوستاندنێکی ئاسانی لەسەر کراوە و دیپلۆماتانی بەشدارن بەم زووانە دەگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان و دەشڵێت "گەڕانەوەی دیپلۆماتەکان هەر تەنها بە مەبەستی ڕاوێژکردن نییە لەگەڵ وڵاتەکانیاندا بەڵکو بۆ دوا بڕیاردانە."
عەباس ئەراقچی دەڵێت "ئەو دۆسێیانەی جێی مشتومڕ بوون، زۆربەیان چارەسەرکراون و هەندێکیشیان ماون و بە وردی کاریان لەسەر دەکرێت و ئاشکراشە ڕەهەندەکانی ئەو جیاوازیانە چین و چی نین."
ئەمەریکا نوێنەری نییە لەسەر ئەو مێزی دانوستاندنە، چونکە دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا، لە ساڵی 2018دا تاکلایەنە ئەمەریکای لە ڕێککەوتنەکە کشاندەوە و هەروەهاش سزای قورسی سەپاندە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران تا تاران ناچار بکات بە لەبەردانەواندنی زیاترەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن.
بەڕێوبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن، ئاماژەی داوە بەوەی ئامادەیی تیادایە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکە، بەو مەرجەی ئێران وابەستەی تەواوەتی بە ڕێککەوتنەکەوە هەبێت لە بەرامبەر هێورکردنەوەی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران.
شاندی ئەمەریکا لە ڤیەننا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارە لە وتووێژەکان لەگەڵ ئێراندا و دیپلۆماتانی زلهێزەکانی تری جیهان لە نێوانیاندان.
ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەمین کۆبوونەوەیە لەوەتای ئیبراهیم ڕەئیسی،سەرۆکی کۆنەپارێزی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی هەینی سەرۆکایەتی ئێراندا بەدەستهێنا.
هەڵبژاردنی ڕەئیسی وەک سەرۆکی ئێران، کۆنترۆڵکردنێکی تۆکمەی کۆنەپارێزانی ئێرانە بەسەر حکومەتی وڵاتەکەدا، هاوکاتی ئەوەی ئێران بە ڕێژەی بەرز دەستیکردۆتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم.
ئەسیۆسێتد پرێس