Accessibility links

پارێزگاری سلێمانی: ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر لایەنی کەمتەرخەم دەگیرێتە بەر


پارێزگاری سلێمانی، ئاماژەبەوەدەکات لەسەر کێشەکەی شەوی ڕابردووی نێوان هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی و فەوجێکی کۆماندۆ، کەژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە، ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر، ئاسایشی سلێمانیش لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ سێشەمە بڵاویکردۆتەوە، وردەکاری ڕووداوەکە دەخاتەڕوو.

شەوی ڕابردوو، دوای دروستبوونی کێشە لەنێوان هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی و کچێکی جەعفەر شێخ مستەفای جێگری سەرۆکی هەرێم لەسەر داواکردنی ناسنامە لە کچەکە، شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی و هێزی کۆماندۆی سەر بەشێخ جەعفەردا دروستبوو، ژمارەیەک چەکدار لەهەردوولا برینداربوون، کە هەندێک لە بریندارەکان لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی” لایەنە پەیوەندیدارەکان لیژنەیان پێکهێناوە، ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر لایەنی کەمتەرخەم دەگیرێتە بەر.”

ئاسایشی سلێمانیش لە ڕوونکردنەوەیەکدا، کەئەمڕۆ سێشەمە بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، لەکاتێکدا هێزەکانیان لە ئەرکی فەرمیدا بوون، شۆفێرێک، کە پابەند نابێت بەڕێکار و ڕێنماییە یاساییەکان، هێزێکی چەکدار بەشێوازی دەرچوون لەیاسا بەکار دەهێنێت و هەڵدەکوتنە سەرهێزەکانیان، بەتەقە کردن ڕووبەڕووی هێزەکانیان بوونەتەوە، وەک لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە”لە ڕووبەڕوو بوونەوەکەدا، ٦ کارمەندی ئاسایش و کارمەندێکی پۆلیس برینداربوون.”

هەروەها ئاسایشى سلێمانى جەختیکردوەتەوە، رێوشوێنە یاسییەکان بۆلیژنەیلێکۆڵینەوە جێدەھێڵین و ھەموولایەک دڵنیادەکەینەوە ھەرگیز دەستبەرداریئەرکی نیشتمانی خۆمان نابین لەپاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان و ئارامی شار و لەو پێناوەشدا ئامادەی ھەموو قوربانییەکین.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفای جێگری سەرۆکی هەرێمیش لە ڕوونکردنەوەیەکدا، ئاماژەی بەوەکردووە، کە ڕووداوەکە گەورەکراوەتەوە و هەندێک کەس نان و پیازی پێوەدەخۆن، جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە کردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG