Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: تورکیا لە نێوان جەمسەرەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا


لەوانەیە لە ئێستادا هاوشانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆماری تورکیا وڵاتێکی پڕ لە مشتومڕی سیاسی و ئاسایشی بێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

تورکیا لە زۆر شوێنی ئەم ناوچە پڕ لە گێرمەوکێشەیەی جیهاندا و لە باکوری ئافریکا و ڕۆژهەڵاتی دووریشدا ڕۆڵ و کاریگەری خۆیی هەیە.
لەشکر و میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە باکوری عێراق و لە ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە ئەفغانستان و لە لیبیا و لە ئازەربایجان و لەناو ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا ئامادەییان هەیە و لە هەر یەکێکیش لەو شوێنانەی ئاماژەیان پێکراوە ئانکەرە دەخوازێت بمێنێتەوە و سیاسەتێکیش بەکاربهێنێت هاوشێوەبێت یان بە ئەندازەیەکی کەم جیاوازبێت لەوەی لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بەرامبەر دوڕگەی قوبرس بەکاریدەهێنێت.

زۆر جار دەگوترێت هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی تورکیا چرای سەوزیان بۆ ئەم وڵاتە دۆستەی خۆیان هەڵکردووە، لە کاتێکدا کەم نین ئەو کێشانەی تورکیا لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ و لەگەڵ ئەمەریکادا هەیەتی.


نزیک بوونەوەی تورکیا لەگەڵ ڕوسیادا، بەشێکی نیگەرانییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بەرامبەر ئەم زلهێزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرچەندە هێشتاش پەیوەندییەکانی ئانکەرە و مۆسکۆ تا ڕادەیەک پەیوەندییەکی لەرزۆکن و ئەو بەرژەوەندیانەی لە نێوان ئەم دوو پایتەختەدا هەن نەچوونەتە ئەو خانەیەی بگوترێت جێگیر دەکرێن و دەڕۆن بەرەو ئەوەی ببنە پەیوەندییەکی ستراتیژی و بنەماکانی ئایندە دابڕێژن بۆ هەردوو وڵات.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لە پەراوێزی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیادا کۆدەبێتەوە. ئەو کۆبوونەوەیە نزیکەی 45 خولەک دەخایەنێت و بەشێکی زۆری کۆبوونەوەکەش هەردوو سەرۆک بەتەنیا وتووێژیان کردووە.

تورکیا دەخوازێت پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە و دەشڵێت "بۆ پارێزگاریکردن لە فڕۆکەخانەی ئەفغانستان"
هەرچەندە هێشتا تاڵیبان بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی نەداوە سەبارەت بەوەی ئایا تورکیا وەک وڵاتێکی ئەندامی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی سەیر دەکات یان وەک وڵاتێکی ئیسلامی لێی دەڕوانێت کە بتوانێت ببێتە بەشێک لەو دەوڵەتە ئیسلامییەی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا جەختی لێدەکاتەوە.

تورکیا دەڵێت بەرژەوەندی ئاسایشی وڵاتەکە لەوەدایە تەواوی هەڕەشە و مەترسییە ناوخۆییەکان و دەرەکییەکانیش بنەبڕ بکرێن و دەشڵێت "پەیوەندییەکانیشی لەسەر ئەو پرەنسیپە دادەڕێژێت."
ئایا هەر تەنها پێگە جوگرافیاییەکەی تورکیایە وەها دەکات ئەم وڵاتە چیی دەێت بیکات یان فاکتەری تریش هەن؟

ئایا جەمسەرەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ململانێدان لەسەر تورکیا؟

ئایا تورکیا دەبێتە پشتیوانی تاڵیبان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ئەفغانستاندا؟

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری تورکیا لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:49 0:00


XS
SM
MD
LG