Accessibility links

ڕەوشی پەنابەرە کوردەکانی ئێران لە تورکیا


بە پێی ئاماری ساڵانە ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهاندا ناچارن وڵاتەکەیان لەترسی کێشە و گرفتی سیاسی یان مەترسییەکانی جەنگ و توندوتیژی بەجێ بهێڵن.

هەرچەندە کێشە و دادگاییکردنی سیاسی و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ، هۆکاری گرنگن بۆ هەڵاتن و ئاوارەبونی مرۆڤ، بەڵام ئاوارەبوون دەتوانێت هۆکاری تریشی هەبێت وەک جەنگ و کارەساتێکی ژینگەیی کە وادەکات زۆرێک لە مرۆڤەکان هیچ هەڵبژاردەیەکی تریان نەبێت و ناچار بن هەڵبێن بۆ شوێنێکی پارێزراو.

هەروەها هەژاری و نەبوونی ئاسۆیەک بۆ ژیان، هانی هەندێک کەس دەدات کە بە بێ گوێدان بە مەترسییەکانی سەر ڕێگای پەنابەری، کۆچ بکەن بە هیوای ژیانێکی باشتر.

بە گوێرەی ئامارەکانی کومسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەری، تا کۆتایی ساڵی2020 زیاتر لە 82 ملیۆن ئاوارە لە جیهاندا تۆمار کراون.

هەر بەپێی ئامارەکانی ئەو ڕێکخراوە، وڵاتی تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زیاترین ژمارەی پەنابەرانی لە خۆ گرتوە و تاکوو ئێستا 3.7 ملیۆن پەنابەر، ڕوویان لەو وڵاتە کردووە.

دەوترێت ڕێکخراوی( UNHCR) تا ساڵی 2017 نزیکەی 40 هەزار ئێرانی وەک پەنابەر لە تورکیادا تۆمار کردووە و هەروەها لەو کاتەشەوە کە حکومەتی تورکیا بەرپرسیارێتی ئەو ڕێکخراوەی لەئەستۆ گرتووە، بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە حکوومەتی تورکیا خۆی ڕایگەیاندووە، ناوی هەزار و 425 ئێرانی لە ساڵی ڕابردوودا وەک پەنابەر تۆمار کراوە.

بەو پێیەی کە تورکیا هاوسنووری وڵاتی ئێرانە و هەروەها پردی نێوان ئێران و وڵاتانی ئازادە، هەر بۆیەش هەزاران ئێرانی ناڕازیی لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتەکەیان کە ڕووبەڕووی مەترسی گیانی و زیندانیکردن بوونەتەوە، بەرەو وڵاتی تورکیا هەڵاتوون و داوای مافی پەنابەرییەتیان لەو وڵاتەدا کردووە.

دەوترێت پەناخوازان و پەنابەران لە تورکیا رۆژانە لەگەڵ کێشە جۆراوجۆرەکاندا ڕووبەڕوو دەبنەووە.

ئەمین خەوالە
ئەمین خەوالە

ئەمین خەوالە، پەنابەرێکی شاری سەقزە و خۆی و خیزانەکەی ماوەک 7 ساڵە لەشاری وان پەنابەرن. بەڕێز خەوالە ئەندامی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان و هەواڵنێرانی بێسنوورە و هەروەها ئەندامی کانوونی نووسەرانی کوردستانی ئێران و پێنی کوردییە. ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەبارەی ڕۆژی جیهانی پەنابەرانەوە گوتی "بەداخەوە ڕۆژی جیهانی پەنابەران وەک ڕۆژەکانی تر بوو بۆ ئێمە و ئاوڕێکی ئۆتۆ و بەرچاو لە دۆخەکەمان نەدرایەوە."

ناوبراو گوتیشی " لەدوای ئەوەی بەپرسیارێتی و دۆسییەی پەنابەران لە کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتوەکانەوە گوازرایەوە بۆ دەزگای کۆچ و کۆچبرانی تورکیا، پڕۆسە و پێشچوونی دۆسییەکانی پەنابەران زۆر خاوتر بووەتەوە و دۆخی پەنابەران لەجاران خراپتر بووە."

عەباس زەندی پەنابەرێکی تری خەڵکی شاری سنەیە کە ماوەی حەوت ساڵە لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەکەی لە تورکیا دەژین. عەباس نووسەر و ڕۆژنامەوانە و لە ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا لەگەڵ کچەکەی لەچالاکییەکی ئاشتیخوازانەدا بۆ ڕاکشانی سەرنجی میدیا و خەڵک لەبارەی دۆخی پەنابەرانەوە، مەودای چل کیلومەتر ڕێگایان بە دروشمی( ئێمە مرۆڤین و لەبیرمان مەکەن) بڕیوە.

عەباس زەندی و کوردستان زەندی کچی
عەباس زەندی و کوردستان زەندی کچی

بەڕیز زەندی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا سەبارەت بە بیمەی تەندروستی پەنابەران گوتی " بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێکە پەنابەران بیمەی تەندروستیان نییە و گەر تووشی نەخۆشی و کیشەی تەندروستی ببنەوە، ئەوا بە هۆی گڕان بوونی دەرمان و نەخۆشخانەوە ناتوانن سەردانی دکتور بکەن و هەوڵ دەدەن لەگەڵ ئازارەکانیاندا ڕابێن و تەنیا سەبر بکەن."

ناوبرا گوتیشی "چوونکە پەنابەران ڕێگاپێدراو نییەن بە شێوەیەکی یاسایی کار بکەن، هەر بۆیەش هەوڵ دەدەن کاری ڕەش بکەن و تەنیا ئەوندە پارەیان دەست دەکەوێت کە بتوانن خواردنی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن."

سیروان مەنسوری
سیروان مەنسوری

دەنگی ئەمەریکا هەروەها بۆ زانیاری لەسەر دۆخ و ڕەوشی پەنابەرە کوردەکان و کەمایەتییە ڕەگەزییەکان پەیوەندی کرد بە سیروان مەنسوری، پەنابەر و چالاکی مافی پەنابەران لە شاری وان.بەڕیز مەنسوری ڕۆژنامەوان و ئەندامی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانانە و هەروەها بەپرسی ماڵپەڕی"هانا" شە.

ناوبراو لەبارەی پرسی پەنابەرە کوردەکانەوە گوتی "وەک دەزانن پرسی پەنابەران پرسێکی مافی مرۆڤە، بەڵام بەداخەوە تورکیا ئەم پرسەی کردوە بە پرسێکی سیاسی و بەوپێیەش کە دۆسیەی کوردەکان بە زۆری دۆسیەی سیاسیە، هەربۆیەش بە شێوەیەک لە شێوەکان کوردەکان زیاتر دەکەونە ژێر چاودێریی حکومەت و دەزگای کۆچی تورکیاوە و هەروەها جیاواز لە نەتەوەکانی تر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بە زۆری دۆسیەکانیان ڕادەگیرێت و وڵاتی سێهەممیان بۆ دیاری ناکرێت."

بەڕێز مەنسوری لەبارەی ڕەوشی ژیانی کەمایەتییە ڕەگەزییەکانەوە لە تورکیا گوتی "دۆخی کەمایەتییە ڕەگەزییەکان خراپترە لە پەنابەرانی دیکە، لەبەر ئەوەی نەوەک تەنیا دەزگای کۆچی تورکیا بەڵکو خەڵکیش مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا ناکەن."گوتیشی "ئەو کەمایەتییانەپێش ئەوەی دۆسییەکانیان بخرێتە دەست دەزگای کۆچی تورکیا، دۆخەکەیان باشتر بوو، بەڵام لەئێستادا بە دۆخی قورسدا تێدەپەڕن."

سەرەڕای ئەو کیشە و گرفتانەی کە باس کرا و پەنابەران لەگەڵیدا ڕووبەڕوون، دەوترێت زۆرێک لە ڕۆژنامەوانان و پەنابەرانی سیاسی ژیانێکی پارێزراویشیان نییە و زۆرجار لەگەڵ مەترسی ڕادەستکردنەوە بە حکومەتی ئێران ڕووبەڕوو دەبنەوە.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنور لە بەهاری ساڵی 2020 دا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە ئاژانسی کۆچی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەلامەتی ڕۆژنامەنوسانی پەناخواز مسۆگەر بکەن و یارمەتیان بدەن بڕوەنە وڵاتی سێهەم.

شایانی باسە کە لە ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، سەرەڕای ڕاگەیاندی پیرۆزبایی خۆی بۆ ئەم ڕۆژە، هەروەها گوتیشی "پاراستنی پەنابەران بەشێکە لە دی ئێن ئەی ئێمە و گەلەکەمان لەڕێگای ئەوانەی بە هۆی ئایینەکەیانەوە چەوسابوونەوە و هەڵهاتبوون، دامەزراوە و هەر بۆیەش کاتێک بۆ یارمەتیدانی پەنابەران لە سەرتاسەری جیهان چالاکی دەکەین، ئێمە ڕێز لە ڕابردوومان و بەهاکانمانمان دەگرین."

حکومەتی ئەمەریکا بڕیاریداوە ڕێژەی وەرگرتنی پەنابەران بۆ ساڵی داهاتوو لە ئەمەریکادا لە 62500 کەس بەرز بکاتەوە بۆ 125 هەزار کەس.

XS
SM
MD
LG