Accessibility links

ئەمیر حەسەن بەڕێوەبەری هەولێر مۆڵ: بەهۆی شورتێکی کارەباوە هەولێر مۆڵ گڕی گرتووە و زەرە و زیانەکان ڕەنگە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار بن


هەولێر مۆڵ
هەولێر مۆڵ

کاتژمێر چوار و نیوی بەیانی ڕۆژی هەینی بەهۆی شورتێکی کارەباوە ئاگر لە دوکانێکی جلو بەرگی نێو هەولێر مۆڵ کەوت بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە دوکانەکانی نێو ئەو مۆڵە سوتان و زیانیان پێگەیشت. بەپێی زانیاریەکان نزیکەی 25% دوکانەکانی نێو ئەو مۆڵە سوتاون و لەئێستاشدا ئاگرەکە لە لایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کۆنتڕۆڵکراوە.

هەولێر مۆڵ
هەولێر مۆڵ

جەلال جەمیل پەنابەرە لە نێو هەولێر مۆڵ دوکانێکی جلوبەرگی داناوە لەو ڕێگەیەوە توانیویەتی بژێوی خۆی و ماڵ و منداڵەکەی پەیدا بکات بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئەو ئاگرەوە زیانێکی زۆری لێکەوتووە، لەوبارەیەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی زەرەر و زیانەکانی دەکات و دەڵێت" دوکانەکەم لە جلوبەرگی ئافرەتان پێکهاتبوو و رسقی ئێمە لەسەر ئەو جل و بەرگانە بووە زیانەکانم نزیکەی شەش دەفتەر دولارە یازدە ساڵە لە نێو هەولێر مۆڵم گلەییم ئەوەیە ئێمە هەموو مانگێک پارەی پاسەوان و خزمەتگوزاری دەدەین، ئیشی پاسەوان چییە؟ هیچ شتێک نەماوە تا قسەی لەسەر بکەین خاوەنی مۆڵەکە دەبێت هاوکاریمان بکات".

ئەمیر حەسەن بەڕێوەبەری هەولێر مۆڵ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" زەرە و زیانەکان لەوانەیە تا یەک ملیۆن دۆلار بێت، سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی تێدا نییە ئەوکاتەی کە هەولێر مۆڵ دروستکراوە سیستەمی ئاگرکوژێنەوە لە هەموو کوردستان نەبووە نەک لە هەولێر، هەولێر مۆڵ یەکەم مۆڵ بوو لە کوردستان کە دروستکراوە ئەو کاتەی کە دروستکراوە لە ساڵی دووهەزارەکان بووە بەڵام حەریقی دەستیمان هەبووە شەوانە دەرگای مۆڵ هەردووکی داخراوە و ئەمنیەتی هەولێر بێ کێشەیە تەنها یەک سیکیوریتیمان هەبووە"

هەولێر مۆڵ
هەولێر مۆڵ

هەولێر مۆڵ لە 150 دوکانی جۆراوجۆر پێکهاتووە و دەکەوێتە نێوان شەقامی 30 مەتری و 60 مەتری شاری هەولێر، دوای گڕگرتنی مۆڵەکە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە دوکانەکانی نێو ئەو مۆڵە سوتاون و زیانێکی زۆری مادیش بەر بە دوکانەکانی تری نێو مۆڵەکە کەوتووە بەلام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:00 0:00


XS
SM
MD
LG