فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە، ئاماژە بەوەدەکات هێزەکانی هاوپەیمانان بەڵێنیان پێداون، ئەو چەک و تەقەمەنیانەی کە بۆ پێشمەرگە دەینێرن، بەیەکسانی دابەشی بکەن، جەختیشیکردەوە ئامادە نین بچنە شەڕەوە لەدژی پەکەکە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد دەڵێت "پەلە پەلکردن بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان و چوونە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، پەیوەندی بەشەڕی پەکەکەوە نیە، لێدوانی بەرپرسانی پێشمەرگە و یەکێتیش ڕوونە، ئێمە شەڕی کورد بە کورد ناکەین، دژی شەڕین، وەکو یەکێتی بەکارناهێنرێین دژی هیچ هێزێکی کوردی."
جەختیشیکردەوە"شەڕ ڕوو نادات، لەهەر شوێنێک شەڕ ڕوویدا، دەبێت ئەو قۆڵە خۆی تەحەمولی بەرپرسیارێتی بکات."
فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە، ڕوونیشیکردەوە هێزەکانی پشتیوانی دوو چوونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و نوسراوی فەرمی لەهێزەکانی 70 ەوە کراوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و لەوێشەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، وتی"هاوسەرۆکانی یەکێتی بڕیاریانداوە بچینەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هاوپەیمانانیش کە ئێمە پەیوەندی زۆرباشمان لەگەڵیان هەیە، پێیانباشە هێزەکان یەکبخرێنەوە، بەڵام پرۆسەکە قۆناغ بە قۆناغ ئەنجام دەدرێت، دەشبێت لەیەکخستنەوەی هێزەکاندا، بەرچاو ڕوونی و متمانە هەبێت، نەک گومانمان لەیەکتری هەبێ، نەک وەکو ئەو چەک و تەقەمەنیانەی لەسەردەمی شەڕی داعشدا دەدرایە پێشمەرگە، بەشێکی کەمی دەدرایە هەندێک لەمیحوەرەکان و بەشی زۆری بۆ میحوەرەکانی تربوو."
لیوا مەریوان وتیشی"لەکاتی شەڕی داعشدا، چەک و تەقەمەنی هاوپەیمانان کەمتر دەگەیشتە میحوەرەکانی یەک و دوو و سێ و چوار، بەڵام ئێستا هاوپەیمانان دڵنیاییان داوە، چەک و تەقەمەنی وەک یەک بەسەر پێشمەرگەدا دابەش دەکرێت."
بەپێی وتەی لیوا مەریوان، سەبارەت بە یەکسانی دابەش نەکردنی چەک و تەقەمەنیەکان، پێشتر گلەیی گەیەنراوەتە هێزەکانی هاوپەیمانان، وتی"هاوپەیمانان بەڵێنیان دا، لەهەر کوێ شەڕبوو، چەک و تەقەمەنی بنێرن، جیاوازی لەدابەشکردنی چەک و تەقەمەنی سەردەمێک بوو ڕۆیشت، جیاوازی زۆر کرا، هیوادارین لەداهاتوودا ئەو جیاوازیکردنە نەمێنێ."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشتیوانی دووی پێشمەرگە، ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی هاوپەیمانان کرد لەشەڕی داعش و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، وتی"هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمەریکا، هەم بەفڕۆکە دەیدا لەداعش، هەم چەک و تەقەمەنی دەدایە پێشمەرگە و مەشقی پێدەکردن، ئەو چەک و تەقەمەنیەی هاوپەیمانان بە پێشمەرگەیان داوە، گەر لەکاتی شەڕی داعش ئەم چەکانەمان هەبووایە، زۆرترین کات شەڕەکان بە قازانجی پێشمەرگە کۆتاییان دەهات."