لە ڕۆژی جیهانی دژ بە ئەشکەنجەو پشتیوانی کردن لە قوربانیانی ئەشکەنجەدان سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس دەڵێت " هەرگیز نابێت ڕێگە بدرێت ئەشکەنجەدەران تاوانەکەیان ئەنجام بدەن، ئەو سیستمانەش کە ڕێگە بە ئەشکەنجەدان دەدەن دەبێت هەڵبوەشێنەوە یان بگۆڕدرێن."
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا بەبۆنەی ئەمڕۆژەوە دەڵێت ئەشکەنجە هەوڵ دەداتکەسایەتی قوربانییەکە تێکبشکێنێت و نکوڵی لە کەرامەتی مرۆڤ دەکات. هەروەها دەشڵێت " سەرباری قەدەغەکردنی تەواوەتی ئەشکەنجەدان بە پێی یاسای نێونەتەوەیی، ئەشکەنجەدان هێشتا لە تەواوی ناوچەکانی جیهاندا بوونی هەیە."و هەروەها دەشڵێت " ئەشکەنجەدان بە هەمو جۆرەکانی بە پێی یاسای نێونەتەوەیی قەدەغەیەو لە هیچ بارێکدا ڕەوایەتی پێنادرێت."
کۆشکی سپیش بەیاننامەیەکی سەرۆک جۆو بایدنی بەبۆنەی ئەمڕۆژەوە بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا دەڵێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێک و ڕەوان ئەشکەنجە قەدەغە دەکات، و دژی هەموو جۆرەکانی ڕەفتاری نامرۆڤانە دەوەستێتەوە. سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت " دەزانین کە ئەشکەنجەدان ڕێگەیەکی کاریگەر نیەی بۆ بەدەستهێنانی زانیاری باوەڕپێکراو. ئێمە دەزانین ئەمە لە ئاستی جیهاندا قەدەغەکراوە، و سەرپێچیکردنە لە یاساکانی ئەمەریکا و جیهان. ئێمە دەزانین ئەمە تیرۆرست و توندوتیژی توندڕەوەی هاندەدات. و دەزانین ئەمە کاردەکاتە سەر بەها مۆرالییەکانمان لەسەر ئاستی جیهاندا."
سەرۆک بایدن دەشڵێت لەم ڕۆژە نێونەتەوەییەدا بۆ پشتیوانی کردن لە قوربانیانی ئەشکەنجەدان " ئێمە درک بەو کەس و کۆمەڵگەیانە دەکەین دەکەین کە بەرگەی ئازاری ئەشکەنجەیان گرتووە، و بەڵێن دەدەم بە تەواوەتی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ نەهێشتنی ئەشکەنجە بە هەموو جۆرەکانی بخەمە گەڕ."
لەم ڕۆژەدا ژمارەیەک لە قوربانیانی ئەشکەنجەدان بۆ دەنگی ئەمەریکا باسیان لە ئازارەکانی ئەشکەنجە کردووە. تاهر حەساف خەڵکی گوندی گرسۆری سەر بە قامشلۆ ئەو لە ساڵی 1995 لەلایەن ڕژێمی سوریاوە بەهۆی بیروبۆچوونی سیاسی دەسگیر کراوە. سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی وەکو زیندانییەکی سیاسی دەڵێت " پاش ئەوەی سەریان سفرکردین، ڕووتیان دەکردینەوەو بە چەند کەسێکەوە لێیان دەداین."
عەبدۆ فوئاد حسێن کوردێکە کە لەلایەن داعشەوە گیرابوو دەڵێت چەندین نزیندانی داعشی بینیوە و باس لە جۆرەکانی ئەشکەنجەدان لە ژێڕ دەستی داعش دەکات ئەو دەڵێت " لە شەدادئەشکەنجەکان بریتی بوون لە لێدان، کوشتن خەڵکیان بێسەوشوێن دەکرد، لە مەنبج ئەشکەنجەکەیان ئەشکەنجەی هەڵواسین بوو، مرۆڤیان دەخستە سندوقەوە و بە بۆڕی لە مرۆڤیان دەدا."
مەحەمەد ئەمینیش کەسێکە لەوانەی لەلایەن گروپی سوڵتان مورادی سەر بەو کۆمەڵە چەکدارەی سوریا کە تورکیا پشتیوانیان دەکات دەستگیر کرابوو و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لە کاتێکدا کە هەڵیاندەواسیم و لێیان دەدام وازیان نەدەهێنا تا ئەو کاتەی خۆم وا لێدەکرد کە مردووم بەڵام کە هەستیان دەکرد نەمردووم دەستیان بە لێدانم دەکردەوە."
ڕۆژی 26 ی مانگی شەش وەکو ڕۆژی نێونەتەوەیی پشتیوانی کردن لە قوربانیانی ئەشکەنجەدان لە ساڵیادی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجەو ڕەفتاری تری بێبەزەییانەو نامرۆڤانە یان سزادان، لە ساڵی 1987 دانرا. ئەمڕۆ 162 وڵاتی جیهان ئەو جاڕنامەیەیان مۆر کردووە.
کۆشکی سپی دەڵێت "ئەشکەنجە، لە هەر شوێنێک رووبدات، پەڵەیەکە بە ویژدانی ئەخلاقیمانەوە پێویستە هەموومان هەوڵەکانمان دوو ئەوەندە بکەین بۆ کۆتایی هێنان بەم ڕەفتارە نامرۆڤانیە بۆ هەتا هەتایی."