ڕۆژی یەكشەممە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی پارێزگای دهۆك ڕایانگەیاند كە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دوا بڕیاری خۆی لەبارەی سزادراوانی پارێزگای دهۆكی دەركرد ئەویش بە شەش ساڵ زیندانی كردن بۆ هەریەك لەو چاڵاكوان و رۆژنامەنووسانەی كە پێكهاتبوون لە شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاس كەرەم و هاریوان عیسا و شڤان سەعید.
حاكم محەمەد رێكانی ئەندامی داواكاری گشتی بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" بڕیاری شەش ساڵ لە دادگای تاوانەكان دەرچووە و پارێزەران داوای پێداچوونەوەیان لە دادگای تەمیزكرد و پاشان دادگای تەمیزیش جارێكی تر هەر وتی شەش ساڵەكە تەواوە و دواتر دیسان پارێزەرەكانیان داوای ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگای تەمیزیان كردووە و ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگای تەمیزیش لە هەمان ئەو دەستەیە دەكرێت كە بڕیاریان لەسەری داوە و هەروەها دەستەی گشتیش دەتوانێت بیبینێت و ڕاستكردنەوەی بڕیاری تەمیزیش دوا بڕیارە".
ماوەكانی ڕابردوو كاتێك لە لایەن دادگای تاوانی 2ی هەولێر بڕیاری سزادانی ئەو پێنج چاڵاكوان و ڕۆژنامەنووسە بە شەش ساڵ زیندانی كردن دەرچوو تیمی پارێزەرانی ئەو چالاكوان و ڕۆژنامەنووسانە تانەیان لە بڕیارەكە دا و ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان كرا، وەك تیمی پارێزەرانی سزادراوان دەڵێن" دادگای پێداچوونەوەش دوا بڕیاری خۆی دا و پەسەندی بڕیاری دادگای تاوانی 2ی هەولێری كرد و ئەو چاڵاكوان و ڕۆژنامەنووسانە بە شەش ساڵی زیندان سزا دران".
بەپێی تیمی پارێزەرانیش لە ئێستادا تەنها ڕێگەیەك بۆ ئازادكردنی ئەو پێنج چاڵاكوان و ڕۆژنامەنووسە لێبوردنێكی گشتیە كە لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هەیە ئەو لێبوردنە دەربكات.
ڕێباز وسو ئەندامی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی پارێزگای دهۆك بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" كۆتا رێگای تانەدان ئەوەبوو كە داوای ڕاستكردنەوەی بڕیاری تەمیزیمان كرد و دیارە 20-6 حوكمەكە دەرچووە حوكمی شەش ساڵ زیندانی كردن وەك خۆی پەسەند كراوە كۆتا ڕێگەی تانەدانە و ئێمە ناتوانین دووبارە داوای پێداچوونەوە بەو دۆسیەیە بكەین و حوكمەكە وەك خۆی پەسەند كراوە بە شەش ساڵ زیندانی كردن بۆ هەریەك لەو پێنج ڕۆنامەنووس و چالاكوانە، ئێمە داوامان كرد كە بدرێتە دەستەی گشتی بەڵام هەر هەمان دەستە بینیویەتی كە پێشتر پێداچوونەوەی بۆ كردبوو و نەدرایە دەستەی گشتی تاكە دەرفەت ئەوەیە كە سەرۆكی هەرێم بەپێی ئەو دەسەلاتانەی كە پێیدراوە لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لێبوردنێكی تایبەتیان بۆ دەربكات و ئەو كەسانە ئازاد بكات ئەگەر نا هیچ دەرفەتێكی تر نییە لە ڕووی تانەدان و ڕاستكردنەوەی بڕیارەكە".
شایانی باسە دادگای تاوانی دووی هەولێر بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو 5 چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی سزادابوو، و لەئیستادا کەسوکاریان داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن لێبوردنێکی گشتی دەربکات تا ئازاد بکرێن.