لە هەموو قۆناغەکانی پەرەسەندنی مرۆڤایەتیدا بەردەوام ئەدەب بە شێوازی جیاواز لەگەڵ پەرەسەندنەکاندا هەنگاوی خۆی ناوە و توانیویەتی بە ناوەڕۆکی جوداوە ململانێکانی نێوان ئەدیب و کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت و ئەم ململانێیەش درێژەی هەبێت و لە هەر سەروەختێکیشدا بووبێت، ئەدەبی ڕەسەن و داهێنەر خاوەنی پرسیاری خۆی بووە لە هەردوو ڕووی تراژیدی و کۆمیدیاییشەوە.
ئەدەب هەمیشە وەک واڵاییەکی گەورە و گران لێی دەڕوانرێت بۆ دیالۆگ و هەروەهاش هێزی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵایەتی دەڕەخسێنێت لەو ڕوانگەیەوەی ئەدەب پەیوەندییەکی تۆکمەی هەیە بە بنەمای ئەقڵانی و هزرەوە و بەتایبەتیش لەو کاتەدا کە ئەدەب دەبێتە بەرپەرچ دەرەوەی ئەو دیوار و تەگەرانەی لەبەردەم پرسیارە نوێیەکاندان.
ئەدەب، ڕەنگدانەوەی ڕۆشنبیرییە، ڕۆشنبیریش یەکێکە لەو فاکتەرە سەرەکییانەی کۆمەڵگە بەرەوپێش دەبات، ئەڵبەتە بۆ تێگەیشتن لە ئەدەب پێویستمان بەوەیە بەر لە هەموو شتێک تێگەیشتنمان هەبێت بۆ ئەو جۆرە ئاشناکردنەی ئەدەب بە خودی خۆمانمان دەناسێنێت تا لە ڕێی ئەدەبەوە بتوانین بچینە ناو ناخی خۆمانەوە و خۆمان بناسین.
شاخەوان سدیق، ڕۆژنامەوان و نوسەر، چەندان ساڵە نەک هەر تەنها سەرقاڵی کاری ڕۆژنامەوانییە بەڵکو خاوەنی چەندان کتێبیشە لەسەر ئەدەب و ئەو ڕەهەندانەی پەیوەندییان بە ئەدەبەوە هەیە، ئەمە بێ لەوەی ڕۆژنامەوان و نوسەرێکی چالاکیشە لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبی و فەرهەنگییەکاندا و بەردەوام خوێندنەوەی خۆیی هەیە بۆ تێکستە ئەدەبییەکان و چاودێڕێکی وردیشە بەسەر ڕەوشی ئەدەبی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردییەوە.
ئایا ئەدەب چەندێک توانیویەتی ببێتە دادوەر و کۆمەڵگە بخاتە بەردەم دادگاییکردنێکی ڕەواوە، دادگاییەک دوور لە دەستێورەردان، بە شێوەیەک کە ئەو دادگاییکردنە نەبێتە دادگاییکردنی کاراکتەرەکان یان تاکە کەسەکان؟
ئایا ڕاپەڕین چیی بە ئەدەب بەخشی و چیی لێسەندەوە؟
دەگوترێت سیاسەتکردن، دنیا دەگۆڕێت لە بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتیشەوە، ئایا ئەدەب ئەو تواناییەی هەیە؟
شاخەوان سدیق، نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەشی یەکەم و دووهەمی ئەم وتووێژەیدا لەگەڵ بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.
هەفتەی ئایندە بەشی دووهەمی ئەم وتووێژە بڵاودەکرێتەوە.