فەرماندەی میحوەری پردێ/کەرکوک ی هێزی پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دەکات پێشوەخت زانیاریان پێدەگات لەبارەی ئەو موشەکانەی ئاڕاستەی هەولێر دەکرێن، بەڵام شوێنی موشەکەکان لەوانەوە دوورە و دەستیان پێ ناگات، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە زانیاری لەبارەی شوێنی هەستانی ئەو درۆنانەوە نییە کە هەولێر دەکەنە ئامانج.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا محەمەد ڕێگر، دەڵێت "هەولێر پایتەختی هەرێمە و ناوەندی بڕیارە، بۆیە نەیارانی کورد چاویان پێی هەڵنایات و هەوڵی تێکدانی دەدەن."
بەبڕوای فەرماندەکەی پێشمەرگە، گروپە چەکدارە عێراقیەکان، پێشمەرگە بە نەیاری خۆیان دەزانن، نەک هەولێر، گەر سلێمانیش پایتەخت بوایە لەلایەن ئەو گروپانەوە دەکرایە ئامانج، چونکە ئەوان چاویان بەهەرێم هەڵنایە، دەڵێت "ئەو گروپانە هەر بە وشەی کورد نیگەران دەبن، چاویان بە ئازادی و سەقامگیری و سەربەخۆیی و پێشکەوتنی هەرێم هەڵنایە."
فەرماندەی میحوەری پردێ ی پێشمەرگە، جەختیکردەوە زانیاری پێشوەختیان لە سەر هێرشەکان هەیە، وتی"ئەمە دوا هێرشیش نابێت بۆ سەر هەولێر، بەڵام دیار نییە درۆنەکان لەکوێوە دێن، ڕەنگە زۆر بەرزبن و پێشمەرگە نەیانبینێ، بەڵام وەکو زانیاری، زانیاریمان هەیە."
سەبارەت بەو موشەکانەی ئاڕاستەی هەولێر دەکرێن، لیوا محەمەد ڕێگر وتی"زانیاریمان لەسەر ساروخەکان هەیە کە ئاڕاستەی هەولێر دەکرێن، بۆیە ناجوڵێین، چونکە لە ئێمەوە دوورن، ساروخەکان لە شوێنێکەوە دەتەقێنن کە 20 کم لە سەنگەرەکانمانەوە دوورە."
لیوا محەمەد ڕێگر ئاماژەی بەوەشکرد، گروپە شیعەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکان هەڵدەگرن، وتی"نازانم بوهتان بۆ خۆیان دەکەن یان ئەوانن، بەڵام نەیانشاردووەتەوە کە ئەوان لە پشت هێرشەکانەوەن."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا محەمەد ڕێگر فەرماندەی میحوەری پردێی پێشمەرگە، لەبارەی هەڵوێستی هێزەکانی هاوپەیمانان لەهێرشکردنە سەر هەولێر، وتی"بەڕاستی هاوپەیمانان هەڵوێستێکی ڕوونیان نییە."