ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەبەوەدەکات، دۆسیەی هێرشکردنە سەر شاری هەولێریان لەلایەن میلیشیاکانی دەرەوەی یاساوە بردووەتە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "چاوەڕێین لیپێچینەوە ئەنجام بدرێت."
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، مەیادە نەجاڕ دەڵێت "هێرشکردنە سەر هەولێر پێشێلکردنی سیادەی وڵاتە و هەوڵدانە بۆ تێکدانی ئاشتەوایی، دەیانەوێت ئەو سیستمەی لە هەرێم هەیە و لەعێراق نییە، تێکبدەن، دەیانەوێت هەرێمی کوردستانیش بشێوێنن، بەڵام هەولێر و سەرکردایەتی کورد لەوە بەهێزترن، بەدەست تیرۆرەوە بناڵێنن."
جەختیشیکردەوە "ڕێوشوێنە یاساییەکان دەگرینە بەر بەرامبەر بەو کەسانەی لە پشت هێرشەکانەوەن، تا سزا بدرێن."
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی، هۆکاری لێپێچینەوە نەکردنی پەرلەمانی عێراقی لە هێرشەکانی هەولێر بۆ ئەوە گێڕایەوە، کە پەرلەمان ئیفلیج کراوە، وتی "لەبەر کۆرۆنا و موزایەدەی سیاسی و بەکارهێنانی پەرلەمان بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، بەتایبەت زۆربەی پەرلەمانتاران دووبارە خۆیان کاندید کردووەتەوە، پەرلەمان تەعتیل کراوە و ئیشی خۆی جێبەجێ ناکات."
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی، ڕوونیکردەوە ئەو گروپە میلیشیایانەی هەولێر دەکەنە ئامانج، موچە و ئیمتیازات لەحکومەتی عێراق وەردەگرن، بەڵام کاری گێرەشێوێنی ئەنجام دەدەن و سەروەری عێراق پێشێل دەکەن، دەیانەوێت کێشە بۆ هەرێم دروست بکەن.
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، مەیادە نەجاڕ ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، ئاشکرایکرد سکاڵاکانیان سەبارەت بە هێرشەکانی سەر هەولێر گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار، چاوەڕێ دەکەن حکومەت، لێپێچینەوە ئەنجام بدات.