وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دوای 3 ساڵ لە کۆبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ زانکۆی هەڵەبجە و داواکاری لە سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە و ئیدارەی پارێزگاکە، دواجار، لە ڕێگەی شاندێکی وەزارەتەکەیانەوە دواین ئامادەکاریەکانی کردنەوەی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجەیان هەڵسەنگاند وچاوەڕواندەکرێت بە کردنەوەی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجە، تا گرفتەکانی کەرتی تەندروستی پارێزگاکە لەکەمی میلاکی پزیشکی چارەسەر بێت.
دکتۆر مەهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " لە ساڵی 2018 وە هەوڵی کردنەوەی کۆلێجی پزیشکی هەبووە، قەیرانی ئابوری و کۆرۆنا وایکرد نەتوانین لە هەنگاوەکان بەردەوامبین، هەریەک لە وەزارەتی دارایی و تەندروستی و خوێندنی باڵاسەرقاڵی کردنەوەی ئەم کولێجەبوون، هیواداریشم حکومەتی هەرێم و خێرخوازان هاوکاری دابینکردنی کەرەستەکانی کۆلێجەکەبن ".
د. محمد حسێن، سەرۆکی بەشی دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند "وەزارەتی خوێندنی باڵا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەم کۆلێجە و کردنەوەی کولێجەکەش بەراورد بە کۆلێجەکانی دیکە تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئەو پێداویستیانەی کە پێویستن بۆکۆلێجەکە لەهەمووشوێنێک دەستناکەون، پەرۆشی خەڵکی هەڵەبجە بۆ کۆلێجەکە لای ئێمە گرنگە".
وەک ئامادەکاری خێرا بۆ هەنگاوەکانی کردنەوەی کۆلێجەکەبۆردێکی پزیشکی لە پارێزگای هەڵەبجە بە بەشداری زانکۆی هەڵەبجە و ئیدارەی هەڵەبجە و بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، پێکەوە کاردەکەن و باڵەخانەیەکی تایبەتیش بۆ کۆلێجەکە ئامادەکراوە، چاوەڕواندەکرێت بۆ ساڵی نوێی خوێندن 2021-2022 خوێندکار لە تەواوی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە وەربگرێت، کە بە هەنگاوێکیش ناودێر دەکرێت بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستی پارێزگای پارێزگای هەڵەبجە.
زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە: