Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: چیا فایەق


لە ئێستادا سۆشیال میدیا لە ژیانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکدا ئامادەیی هەیە و بەشێکی بەرچاوی خەڵکیش لەوبڕوایەدان تۆڕەکانی سۆشیال میدیا سەرچاوەیەکی باشن بۆ خزمەتکردن، بەڵام ئەوەش ناشارنەوە کە کێشەی زۆریشیان دروستکردووە.

سۆشیال میدیا بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیان، بەڵام هەرهیچ نەبێت تا ئێستا چوارچێوەیەکی ڕێکخراو بۆ بەکارهێنانی و سود لێوەرگرتنی نییە، هەربۆیەشە پسپۆڕ لەوبڕوایەدان پێویستە کار لەسەر ئەوە بکرێت سودەکانی سۆشیال میدیا جێگیر بکرێن و هەوڵیش بدرێت زیانەکانی ئەم میدیایە کەمتر بکرێن.

لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا، ئازادییەکی کە دەکرێت بگوترێت ڕەها دراوە بە بەکارهێنەران تا خۆیان نوێنەری خۆیان بن و خۆیان قسەی خۆیان بکەن، ڕای خۆیان لەسەر ورد و درشتی هەواڵ و ڕووداوەکان بڵێن. بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا سۆشیال میدیا ڕای گشتی دروست دەکات یان نا، بەتایبەتیش لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، ئەڵبەت ئەمە ڕێژەییە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕدرێت.

دەشێت یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەبێت هەندێک کەس لە بری ئەژمارێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک یان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەیان ئەژماری بە ناوی خوازراوەوە کردبێتەوە بۆ مەبەستی جۆراوجۆر.


خەڵک لەم سەروەختەدا، پەنا دەباتە بەر تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بۆ فراوان کردنی پەیوەندییەکانی خۆی لە سەرانسەری جیهاندا و لەم ڕێگەیەوە دەستدەکات بە ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان و بەبێ سانسۆر و گوێدانە دابونەریتەکان قسە لەسەر ڕووداو و هەواڵەکان دەکات. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە وابەستەبوونێکی وشک و ڕەق و تەق هەبێت بە دابونەریتەوەکە لە هەندێک باردا شکاندنی دابونەریت دەشێت سودمەند بێت، لێرەدا مەبەست لەوەیە کە کاتێک سنورەکان دەبەزێندرێت و ئازادییەکانی کەسی بەرامبەر پێشێلدەکرێت و زمانێکیش بەکاردەهێنرێت کە ناچێتە خانەی زمانی دیالۆگەوە و هەرگیزیش نابێتە بەشێک لەو دیالۆگە بونیاتنەرەی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا پێویستە.

ئەم دیاردەیە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بوونێکی زۆری هەیە و زۆر بە ئاسانی لەناو لایەنگران و هەوادارانی لایەنە سیاسییەکاندا دەبینرێت، ئەمە بێ لەوەی هەندێکیش هەن ئەژماری تایبەت دەکەنەوە بە ناوی خوازراوەوە تا قسەی خۆیان بکەن، بەبێ ئەوەی لە خۆیان بپرسن چۆن کەسێکی نەناسراو دەبێتە جێی متمانەی خەڵک.

چیا فایەق، دەکرێت بە کەسێکی کارا و چالاک ناودێری بکەم لە بەکارهێنانی تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا. چیا دەنوسێت و ڕاشکاوانە ڕای خۆی لەسەر بابەتەکان دەنوسێت، ئەو بابەتانەی دەچنە خزمەت بەرژەوەندی گشتییەوە جارێکی تر لای خۆیان بڵاویان دەکاتەوە لەگەڵ ناوی نوسەرەکەیدا، بە پێچەوانەی زۆر کەسی ترەوە کە بابەتی خەڵک دەبەن و بەناوی خۆیانەوە بڵاویدەکەنەوە.

لەسەر چیا ڕێنوار ناکرێت ئەو ڕاستییە بشارمەوە؛ هێندەی بۆی کرابێت بە تێبینی و سەرنجەکانی خۆی ئەم بەرنامەیەی دەوڵەمەند کردووە و پێشنیازەکانیشی هەمیشە مایەی پێزانینی بەندە بووە.

*ئایا تێگەیشتن لە چەمکی ئازادییەکان، چەندێک گرنگە کاتێک دەکەوینە ناو جیهانی سۆشیال میدیاوە؟

*لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، بەکارهێنانی سۆشیال میدیا چۆن هەڵدەسەنگێندرێت؟ ئایا توانراوە بە گشتی سود لە گرنگییەکانی ئەم میدیایە ببینرێت؟

*ئایا دەکرێت لە سۆشیال میدیاوە، خوێندنەوە بۆ ڕای گشتی بکەین لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا؟

*ئایا گرنگە سانسۆر هەبێت بەسەر تۆڕەکانی سۆشیال میدیاوە، ئەگەر گرنگە، ئایا چۆن پێویستە ئەو سانسۆرە بکرێت؟

چیا فایەق، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:11 0:00


XS
SM
MD
LG