Accessibility links

کۆرۆنا دادگاییکردنی سان سوچی دوادەخات


وێنەی یەکێک لە داگاییکردنەکانی ئۆن سان سوچی و وین میت - ئەرشیف
وێنەی یەکێک لە داگاییکردنەکانی ئۆن سان سوچی و وین میت - ئەرشیف

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە میانمار کاریگەری کردۆتە سەر پرۆسەی دادگاییکردنی ئۆن سان سوچی، ڕێبەری لەکار لادراوی ئەو وڵاتە وەک پارێزەرەکانی دەڵێن گەواهدەرێک بەهۆی توشبوونیەوە بە کۆرۆنا نەیتوانیوە ئامادە بێت لە دادگادا.

لە میانمار هەروادێ و ڕێژەی توشبوون بەرزدەبێتەوە و ئەنجومەنی لەشکریی وڵاتەکەش ڕایگەیاند تەنها ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە 3400 کەس توشی کۆرۆنا بوون، لە کاتێکدا لە سەرەتاکانی مانگی پێنجدا وەک ئەم ئەنجومەنە لەشکرییە ڕایدەگەیاند ڕۆژانە کەمتر لە 50 کەس توشی ئەم پەتایە دەبوون.

ئۆن سان سوچی، لە مانگی 2ی ڕابردوودا لە ڕێی کودەتایەکی لەشکرییەوە لادرا و ئەم لادانەشی بووە مایەی سەرهەڵدانێکی گەورە و هەروەهاش سەرکوتکردنێکی دڕندانەی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی میانماری گرتبووەوە.
بەپێی ڕێکخراوێکی خۆجێیی بۆ چاودێری، لەشکری میانمار زیاتر لە 890 کەسی سیڤیلی کوشتووە.

سان سوچی و تەواوی ئەندامانی ئۆفیسەکەی، وەک پارێزەرەکەی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندووە؛ لە گرتوخانەدا ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، بەڵام باس لە وردەکارییەکان ناکات سەبارەت بەوەی کەی ڤاکسینەکەیان بۆ کراوە، لە کاتێکدا بڕوا وایە سان سوچی بەر لەوەی حکومەتەکەی بڕوخێندرێت یەکەم ڤاکسینی وەرگرتووە، یان تەنانەت باسیش لەوە ناکات ئایا چ جۆرە ڤاکسینێکیان بۆ بەکارهێنراوە.

ڕێبەری لەکارخراوی میانمار بەر لە داگاییکردنەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی، وەک لە میدیای خۆجێییدا ئاماژەی پێکراوە "نیگەرانییەکی زۆری خۆیی دەربڕیوە لەسەر خەڵک هاوکاتی سێهەم شەپۆلی بڵاوبوونەوەی کۆڤید19.

سان سوچی و وین میت، سەرۆکی پێشووی میانمار ڕووبەڕووی تاوانی پێشێلکردنی ئەو کۆتوبەندانە بوونەتەوە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا دانرابوون لە وڵاتەکەدا و پێشدەچێت لە بارێکی باشی تەندروستیدا بن.

XS
SM
MD
LG