Accessibility links

سەرجەم دەزگا میدیاییەکانی لاهور شێخ جەنگی لە سلێمانی چۆڵکران


ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە هێزێکی ئاسایش و دژەتیرۆر هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کەناڵی IPLUSی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی لە شاری سلێمانی و بۆ ماوەیەک ڕۆژنامەنووسەکانیان دەستبەسەر کرد و چەند ئامێرێکیان شکاند. دوا بەدوای ئەو ڕووداوەش کارمەندانی هەریەک لە دەزگا میدیاییەکانی وەک ژیان، مۆر و چاو، کە نزیک لە لاهور شێخ جەنگین، دەزگا میدیاییەکانیان جێهێشت و باڵەخانەکانیان چۆڵکرد.

کەناڵی IPLUS دەزگایەکی میدیاییە کە خاوەندارێتی بۆ لاهوری شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی دەگەڕێتەوە و لە ئێستادا لە ژێر پەخشی ئەزموونیدایە و بۆ ماوەی چەندین ساڵە. لاهور شێخ جەنگی کار بۆ درووستکردنی کەناڵەکە دەکات.

کارمەندێکی کەناڵی IPLUS کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "دەیان چەکداری هێزی ئەمنیی بە جلوبەرگی سەربازییەوە ئێوارەی ئەمڕۆ و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک پێشوەخت یاخود بڕیاری دادگا، هەڵیانکوتایە سەر کەناڵەکە."

ئەم ڕووداوانەی دوای ئەوە دێن کە وەک باس دەکرێت هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاهووری شێخ جەنگی لەسەر ئەوە ڕێککەوتن لە لە یکلاییکردنەوەی کێشەکانیاندا هێز بەرامبەر یەکتر بەکارنەهێنن و هەوڵبدەن ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.

ئەو کارمەندەی کەناڵی IPLUS کە بۆ دەنگی ئەمەریکا دوا، وتیشی "هێزە ئەمنییەکان بۆ ماوەی 15 خولەک دەستبەسەریان کردین. ئازاری چەند ڕۆژنامەنووسێکیان دا و لێیان دان. زۆر بە توندی مامەڵەیان دەکرد. هەستان بە شکاندنی چەند سێرڤەرێکی کەناڵەکەش. دواتر هەموومان ڕەوانەی ماڵەوە کراین."

ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەستا بە گۆڕینی بەرپرسی هەریەک لە دەزگای دژە تیرۆر و دەزگای زانیاریی و کەسانی نزیک بەخۆی لە شوێیان دانا و ئەو دوو بەرپرسەی پێشووی دەرکرد کە نزیکی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی بوون.

XS
SM
MD
LG