چەندێک زانینی زمان و تێگەیشتن لە کردەی وەرگێڕان گرنگن، بەبێ هیچ چەندوچونێکیش هەڵبژاردنی ئەو بابەتانەی وەردەگێڕدرێن بەشێکی گرنگی تەواوی پرۆسەی وەرگێڕانەکانن.
دەشێت وەرگێڕان وەک پڕۆژەیەکی هزری ببینین و ببێتە بابەتێک بۆ لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر و ئاشناکردنی خوێنەران بە ئەدەب و کلتور و مێژوو و چۆنیەتی بیرکردنەوەش.
بەڵام ئەگەر تەنها وەک ئەو پڕۆژە هزرییە لە وەرگێڕان بڕوانین، ئەوا دەشبێت بزانین کە ئەرکی وەرگێڕ سنوردار دەبێت بۆ یەکێک لە ڕێبازە هزرییەکان، نەک ئەوەی خودی وەرگێڕ لەناو هزری ئەوپەڕی ڕاست بۆ ئەوپەڕی چەپ بزر بێت.
دەتوانم بڵێم ئەم بۆچوونە بۆ وەرگێڕانی ئەدەبییش و بە تایبەتیش بۆ وەرگێڕانی ڕۆمانەکان دروستە، لەو ڕوانگەیەوەی وەرگێڕ دەکەوێتە کارکردن لەسەر ئەو ڕۆمانەی چێژێکی جیاوازی پێدەبەخشێت بە بەراورد لەگەڵ خوێندنەوەکانی تریدا.
ئەوەش گرنگە کە وەرگێڕ بزانێت چەندێک دەسەڵات و توانایی دەشکێت بەسەر ئەو زمانەی ڕۆمانەکەی پێنوسراوە و هەروەهاش ئەو زمانەی ڕۆمانەکەی بۆ وەردەگێڕدرێت.
وەرگێڕان لە زمانی بیانییەوە بۆ زمانی کوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە پەرەی سەندووە، بەڵام ئەوەی ئایا ئاستی هەموو وەرگێڕانەکان لە ڕووی چۆنایەتییەوە دەکەونە چ خانەیەکەوە، ئەمەیان بابەتێکی ترە و ڕاوەستان لەسەری، ئێجگار زۆری پێویستە.
بە کورتی بەشێک لە وەرگێرانەکان لە زۆر ڕووەوە "زمان، تەکنیکی وەرگێڕان، خۆ دورخستنەوە لە مانا...هتد" بە ئەندازەیەک لاوازن کە دەشێت خوێنەر بە هەڵە قسە لەسەر نوسەری یەکەمی ئەو کتێبانە بکات یان هەر هیچ نەبێت تێگەیشتنێکی هەڵەی لەلا دروست بێت.
وەرگێڕان لە زمانێکی بیانییەوە بۆ زمانێکی تر، زمانی کوردی بۆ نمونە، دەشێت تەگەرەی زۆری لەبەردەمدابێت لەو سۆنگەیەوەی زمانی کوردی لەبەر چەندان هۆکار وەک زمانە زیندووەکانی تری دنیا، پەرەسەندن و پێشکەوتنی بە خۆوە نەبینیوە.
شەفیق حاجی خدر، نوسەر و وەرگێڕ یەکێکە لەو کەسانەی قورساییەکی تایبەتی هەیە لە وەرگێڕاندا، چونکە وەرگێڕانەکانی هەر تەنها لە یەک بواردا نییە، بەڵکو لە چەند بوارێکدا ئەم ئەرکە گرنگەی لە ئەستۆی خۆی ناوە.
ئەم وەرگێڕەمان تا ئێستا دەیان کتێبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی کە هەر یەکێک لەو کتێبانە بایەخێکی گەورە و گرانیان هەیە لەناو کتێبخانەی جیهاندا، لەوانە کتێبە سیاسییەکان و یادەوەرییەکان و ڕۆمانەکان.
زمانی شەفیق حاجی خدر، زمانێکی وریا و چالاک و جیاوازە و کاتێک دەیخوێنیتەوە هەست بە چێژی شیرینی زمانی کوردی دەکەیت.
هێندەی بەندە ئاگاداربێت، دوا بەرهەمی وەگێڕاوی بڵاوکراوەی شەفیق حاجی خدر، ڕۆمانی "کچانی دوکەڵ و ئاگر"ی نوسەر ئاڤا هوما بوو.
ئەم ڕۆمانە پێشوازییەکی گەورەی بەرچاوی لێکرا.
ئاڤا، نوسەرێکی کوردە و لە تاراوگە دەژی، ڕۆمانەکەی بە زمانی ئینگلیزی نوسیوە، لە کەنەدا و ئەمەریکا بایەخێکی گەورە دراوە بەم ڕۆمانە بەتایبەتیش لە نێوەندە ڕۆشنبیرییەکاندا و چەندان خەڵاتیشی وەرگرتووە.
"کچانی دوکەڵ و ئاگر" ئەو ڕۆمانەیە کە ژن تیایدا کاراکتەری سەرەکین و جموجۆڵ و هێنان و بردنی ڕووداوەکانیش هەر بەدەست ژنەوەیە و ئاڤا هوما لە چنینە دراماییەکەیدا بۆ ئەم ڕۆمانە نۆبەرەیەی، دەمانخاتە بەردەم مێژووی میهرەبانی و شکۆمەندی ژنانی کوردەوە.
کەژاڵ ئەحمەد، نوسەری گەورەی کورد لە وتارێکدا بە ناونیشانی"کچانی دوکەڵ و ئاگر، سەرەتایەکی نوێ بۆ ڕۆمانی فێمینیستی" ڕۆدەچێتە ناو ڕۆمانەکە و دەنوسێت "بێجگە لەو چێژ و سەرسامییە گەورەیەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە پێی بەخشیم، واشیکرد بڵێم ئیدی بەتەنیا ئێزابێل ئەلەندیی ڕۆماننووسی دڵخوازم نابێت، ڕۆمانەکەی ئاڤا توانیی هێندەی کارەکانی ئەو ڕۆماننووسە چیللی یە سەرنجم ڕابکێشێت. یەکەمجارە ڕێکەوتی ئەو پاڵەوانە ژنانە بکەم لە ڕۆمانێکی کوردیدا کە هیچ شتێک نابێتە هۆی گەڕانەوەیان لەو خەونانەی هەیانە، هێنانەدی هیواکانیان دەخەنە پێش خۆشەویستی و هاوسەرگیریی وموغرەیاتەکانی دیکەوە."
ئایا وەرگێڕان لەم سەروەختەی بەجیهانیبوونەدا، بایەخی خۆی ماوە بۆ ناساندنی کلتور و فەرهەنگەکان و شارستانییەکان بە یەکتر؟
ئایا تایبەتمەندێتییەکانی ڕۆمانی "کچانی دوکەڵ و ئاگر" چیین کە وەهای کردووە گرنگییەکی گەورەی پێبدرێت؟
لە کاتێکدا وەرگێڕان هەم هونەرە و هەم زانست، بۆچی تا ئێستا دامەزراوەیەکی فەرمی وەرگێران نییە؟
شەفیق حاجی خدر، نوسەر و وەرگێڕ لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.