Accessibility links

حەجی ئەمساڵی 2021


حاجییەکان لە شاری پیرۆزی مەککە، دەستیان کردووە بە مەڕاسیمەکانی حەج کردن و ئەمەش دووهەم ساڵە ئەم مەڕاسیمە لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە خەڵکێکی کەم بەشداری دەکەن بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.

شانشینی عەرەبەستانی سعودیە ڕێگەیداوە تەنها 60 هەزار کەس لە هاوڵاتیان و دانیشتوانی ناو شانشینەکە بەشداری بکەن لە مەرسیمەکانی حەجدا، بەو مەرجەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان بەکارهێنابێت.

بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ساڵانە نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار کەس دەچوونە حەج لە عەرەبستانی سعودیە.

لە ڕۆژی شەممەوە تەواف بە دەوری کەعبەی موسڵمانەکاندا دەستیپێکردوە.

عەبدوللەتیف بن سولەیمان، جێگری وەزیری کاروباری حەج و عومرە لە عەرەبستانی سعودیە دەڵێت "دوای تەواف کردن، حاجییەکان دەچنە دۆڵی مەنا و تا ئێستا 46 هەزار کەس گەیشتونەتە دۆڵی مەنا و هەروەها زیاتر لە سەدا 40ی ئەوانەی بەشدارییان لە مەڕاسیمی حەجی ئەمساڵدا کردووە بریتییە لە ژنان."

تیمەکانی تەندروستی، بە بەردەوامی چاودێری ڕەوشی تەندروستی حاجییەکان دەکەن لە کاتی گەیشتنیانەوە بۆ مەککە تا کاتی تەواوبوونی مەڕاسیمەکانی حەج.

کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستی عەرەبستانی سعودیە دەڵێن هەر کە زانرا یەکێک نیشانەکانی پەتای کۆرۆنا یان هەر نەخۆشییەکی تری درمی هەیە ئەوا دەستبەجێ دەگوێزرێتەوە بۆ بنکە تایبەتەکانی تەندروستی کە بۆ ئەو مەبەستە دانراون.

ڕۆژی دووشەممەش حاجییەکان دەچنە کێوی عەرەفە.

"لەمساڵدا زیاتر لە 558 هەزار داواکاری لەڕێی تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە گەیشتۆتە دەست کاربەدەستانی عەرەبستانی سعودیە بەڵام تەنها مۆڵەت بە 60 هەزار کەس دراوە و پێویست بووە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 65 ساڵیدا بێت و هیچ نەخۆشییەکی قورس و دڕیژخایەنیشیان نەبێت." وەک کاربەدەستانی وەزارەتی کاروباری حەج و عومرە ئاماژەیان پێکردووە.

بەپێی پرەنسیپەکانی ئاینی ئیسلام، حەج کردن فەرزە و دەبێت هەر موسڵمانێک یەک جار یان چەند جارێک حەج بکات.

XS
SM
MD
LG