بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک جۆو بایدن یەکەم گیراو دەگوازێتەوە لە گرتوخانەی گوانتانامۆ بەیەوە.
پەنتاگۆن ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند " گیراوێکی خەڵکی شانشینی مەغریب گەڕێندراوەتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی و ئەو گیراوە لە ساڵی 2016وە پێشنیازی ئازادکردنی هەبووە بەڵام لە سەروەختی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا، هەر لە گرتوخانە هێڵراوەتەوە."
لە ڕاگەیەندراوەکەیدا پەنتاگۆن دەڵێت "وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئەمڕۆ گواستنەوەی عەبدوللەتیف ناسر ڕادەگەیەنێت لە گرتوخانەی گوانتانامۆ بەی بۆ شانشینی مەغریب."
هەر لەو ڕاگەیەندراوەشدا ئاماژە بەوە کراوە 39 گیراوی تر لەو گرتوخانە مشتومڕ لەسەرەدا ماونەتەوە.
ناسر لە ساڵی 2002دا دەستگیرکراوە و گوناهباریش نەکراوە.
یەکەم پێشنیاز بۆ گواستنەوەی عەبدوللەتیف ناسر لە گرتوخانەی گوانتانامۆوە لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ئۆباماوە بوو، بەڵام جێبەجێنەکرا چونکە وەک پەنتاگۆن دەڵێت لەو کاتەدا دانۆڵد ترامپ سەرۆکایەتی ئەمریکای گرتە دەست لە ساڵی 2017دا.
لە ڕەبات، ئۆفیسی دادپارێزی گشتی هەر ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند "کۆنوسی لێکۆڵینەوە دەکرێتەوە لەگەڵ کەسێکدا سەبارەت بەوەی دەگوترێت دەستی هەبووە لە ئامادەکارییەکاندا بۆ کاری تێرۆریستی و بڕیارە یاساییەکانیش لەسەر بنچینەی بەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئۆفیسی دادپارێزی گشتی دەدرێن."
براک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا نەیتوانی پەیمانەکەی جێبەجێبکات بۆ داخستنی گرتوخانەی گوانتانامۆ بەی لەناو بنکە لەشکرییەکەی ئەمەریکادا لە کوبا، کە بووبووە نمونەیەک بۆ پێشێلکاری لەو شەڕی دژە تێرۆرەی پاش هێرشە تێرۆرکارییەکانی 11ی سەپتێمبەر دەستیپێکرد.