سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا و دیدارە "پڕئەجێنداکەی" لەگەڵ سەرۆک بایدن، کە بڕیارە 26 ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت و گفتووگۆ لەبارەی کۆی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات بکرێت، لە ئێستاوە شیکردنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.
دکتۆر سەردار عەزیر لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، پێیوایە سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمەریکا، دواین قۆناغی دانوستانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت، ئەمەریکا دەیەوێت، پەیوەندیەکی فرە ئاستی، ئاسایی لەگەڵ عێراق دروست بکات، بەشێوەیەک پەیوەندیەکە تەنها سەربازی و ئەمنی نەبێت، بەڵکو بوارەکانی تری وەکو: کەلتوری، تەندروستی، ئابوری و ڕۆشنبیریش بگرێتەوە، دەڵێت"ئەمەریکا کازمی بەسەرۆک وەزیرانێکی گونجاو دەزانێت، بەو پێیەی تێدەگات لە زمان و خواست و نیەتی ئەمەریکا، دەشیەوێت یاریەکی هاوسەنگ بکات، لەنێوان هێزە ئیقلیمی و ناوخۆییەکان کە کاریگەریان هەیە لەسەر داڕشتنی ئاراستەی سیاسی عێراق."
بەبڕوای دکتۆر سەردار عەزیز، کازمی دەیەوێت پرسی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق، بەشێوەیەکی هاوسەنگ چارەسەر بکات، بەجۆرێک پێشنیاری کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان بکات، تا مەترسی لەسەر هێزە چەکدارە نەیارەکانی لە ناوخۆی عێراق و ئێران نەمێنێت، لەهەمانکاتیشدا، پشتیوانی دارایی و لۆجستی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی عێراق بەردەوام بێت، هەروەها لەڕووی زانیاری و ئاسمانیەوە، هاوکاریەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق نەبچڕێت.
بەڵام دکتۆر سەردار عەزیز دەپرسێت: ئایا ئەمەریکا بەمە ڕازی دەبێت؟
ئەو لێکۆڵەرە نێودەوڵەتیە، ئاشکراشیکرد ئەمەریکا نیازی نیە، جارێکی تر لە کێشەکان بگلێت، بەدوای دۆزینەوەی چارەسەردا دەگەڕێت، تا عێراق و ئێران نەبنە کێشە بۆ ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا، چونکە ئەم ئیدارەیە ئەجێندای تری هەیە، وتیشی"کازمی گیرۆدە بووە، گەر ئەمەریکا بەتەواوەتی بکشێتەوە، ئایا ئەزموونی ئەڤغانستان دووبارە نابێتەوە، لەهەمانکاتیشدا گەر هێزەکانی ئەمەریکا بمێننەوە، فشاری هێزە شیعیەکان بۆ سەری بەهێزتر دەبن."
لە کێشمەکێشی نێوان ئەمەریکا و هێزە نەیارەکانیدا لە عێراق، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ئەجێندای تایبەت بە خۆی هەیە، هەرچەندە هیچ هێزێکی گەورەی عێراقی لە پشت نیە، بەڵام دەیەوێت پشتیوانی هێزەکان بەدەست بهێنێتەوە و ببێتەوە بەربژێری سەرۆک وەزیران، گەر ئێران و ڕۆژاوا لەم هەنگاوەی ڕازی بن، ڕەنگە نزیک بێتەوە لە ئامانجەکەی، ئەمەش بەوتەی دکتۆر سەردار عەزیز.
سەردار عەزیز پێشیوابوو، پاڵنەرێکی تری کازمی بۆ ڕۆیشتنە ئەمەریکا، هەوڵی ئیدارەی بایدنە بۆ پشتیوانیکردنی وڵاتە عەرەبیە میانڕەوەکان، بەتایبەت پێشتر پادشای ئوردن سەردانی کۆشکی سپی کرد و بەدواشیدا کازمی دەڕوات، دەڵێت"ئەمە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی میانڕەو بەپاڵپشتی ئەمەریکا، بەڵام بەمەرجێک نەبێتە هۆی تێوەگلانی ئەمەریکا یان ڕۆڵ بینینی گەورە تێیدا، چونکە هەوڵی ئەم ئیدارەیە خۆ لادانە لەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێتەوە چەقی سیاسەتی، بەڵکو بایەخی زیاتر بە ڕکابەری چین بدات."
وەکئەو لێکۆڵەرە ئاماژەی بۆ کرد، تەوقیتی سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمڕریکا ڕەنگە باش نەبێت، چونکە حکومەتی نوێی ئێران نەهاتووەتە سەر کار و پەرچەکرداریشی توندە، بەتایبەت ئێرانیەکان دەیانەوێت دڵنیایی وەربگرن، ڕێککەوتنی ئەتۆمی دوای بایدنیش بەردەوام دەبێت و هەڵناوەشێتەوە، گەر ساڵی داهاتووش، کۆماریەکان لە کۆنگرس ببنە زۆرینە، فشار بۆ وەستاندنی دانوستانەکان نەکەن، وتی"سەردانەکەی کازمی، ئاڵۆز و پڕ ئەجێندا دەبێت، چونکە خۆی لاواز و دەوروبەرەکەی بەهێزن، ئەجێنداکان جیاوازن و کازمیش دەیەوێت هەمووان ڕازی بکات."
دکتۆر فواد حسێن ی وەزیری دەرەوەی عێراقیش، دواین گەڕی دیالۆگی ستراتیژی نێوان وڵاتەکەی و ئەمەریکای ئاشکراکرد، ڕایگەیاند:ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە عێراق.
محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسی و ئابووریەکان، لەبارەی سەردانەکەی کازمیەوە بۆ ئەمەریکا، بەدەنگی ئەمەریکای وت"حکومەتی عێراق و ئیدارەی ئەمەریکا لە هەوڵی ڕێکخستنەوەی بوون و مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادان لە عێراق، عێراق دەیەوێت تەنها پشتیوانی لۆجستی و ئەمنی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی بەردەوام بێت، نەک مانەوەی هێزەکانی لە بنکە گەورەکاندا."
لایەنی عێراقی خوازیارە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمەریکا پەرەپێبدات، ئەمەریکا هێزە شەڕکەرەکانی بکێشێتەوە، بەڵام لە یارمەتیدانی عێراقیەکان بەردەوام بێت، لەڕووی وەبەرهێنان و کەرتی وزە و کارەباوە، کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان هاوکاری عێراق بن، ئەمەش بەڕای محەمەد حسێن.
ناوبراو وتیشی"کۆتایی ساڵی ڕابردوو، کاتێک کازمی چووە ئەمەریکا، بەبەهای نزیکەی 8 ملیار دۆلار ڕێککەوتنامەی بازرگانی ئیمزا کرد لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکیەکاندا، عێراق دەیەوێت کۆمپانیا و وەبەرهێنانی ئەمەریکی بهێنێتە وڵاتەکەی، پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بباتە قۆناغێکی پێشکەوتوو ترەوە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دوو لایەنە، نەک تاکلایەنە."
بەڕای محەمەد حسێن، ئەمەریکا ماندوو بووە، بەدرێژایی سی ساڵی ڕابردوو یان لەشەڕدا بووە لەگەڵ عێراق، یان پشتیوانی عێراقی کردووە بۆ شەڕی لای تر، بۆیە ئەمەریکا و عێراق دەیانەوێت بەجۆرێک پەیوەندیەکانیان ڕێکبخەنەوە، پەرە بەبەرژەوەندیەکانیان بدەن، لایەنی ئابوری و وەبەرهێنان بەهێز بکەن، نەک تەنها بایەخ بەکەرتی سەربازی بدەن.
سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمەریکا لەکاتێکدایە، فشارێکی گەورەی هێزە شیعەکانی لەسەرە، تا پێداگیری لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکات.
نەجات حسێن سەرکردەی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، دەڵێت"ئەمەریکا و عێراق مێژوویەکیان پێکەوە هەیە، ئەمەریکا لە گرنگی ڕۆڵی عێراق لە ناوچەکە تێگەیشتووە، بۆیە سەردانەکەی کازمی سودی دەبێت و هەردوولا ڕا دەگۆڕنەوە."
جەختیشیکردەوە"عێراق پێویستی بە هاوکاری ئەمەریکایە لەبواری کارەباو پیشەسازی و تەکنەلۆژیاو زۆر بواری تر، هەردوو میللەت ڕازین بەبەرژەوەندیە هاوبەشەکان، هەرچەندە ترەمپ هەڵەی کرد، کاتێک سەرکردەیەکی گەورەی وەکو ئەبو مەهدی موهەندیسی کوشت، ئەمە هەڵەبوو، هیوادارین سەرۆکی نوێ هەڵەکان چاکبکاتەوە."
دەنگی ئەمەریکا لەبارەی ڕای ڕەوتی سەدر بۆ سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندی بەسەڵاح عوبەیدی وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدرەوە کرد، بەڵام بە بیانووی ئەوەی لەحکومەت کشاونەتەوە، ئامادەنەبوو قسە بکات.