هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی هیچ هۆکارێک نابێتە مایەی دواخستنێکی تری هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی وڵاتەکە. بڕیارە مانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.
لە نێوەندی ئامادەکارییەکاندا بۆ ئەم هەڵبژاردنە، موقتەدا ئەلسەدر، سەرۆکی سەدرییەکان و مەلای ڕادیکاڵی شیعە ئاینزا، بڕیاری کشانەوە دەدات لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا و دەشڵێت بەشداریش ناکات لە هەڵبژاردنەکەی وڵاتەکەیدا.
سەدرییەکان خاوەنی قورساییەکی گەورەن لە پەرلەمان و حکومەت و هەروەها بواری سیاسی عێراقدا.
سەدر ئەم بڕیارەی دەبەستێتەوە بە دۆسێی گەندەڵییەوە لە عێراقدا و ئاگاهیش دەدات وەک دەڵێت " بەر لەوەی عێراق وەک ئەفغانستان و سوریای لێبێت، دەبێت گەندەڵکاران لە فەرمانڕەوایەتیکردنی عێراق دور بخرێنەوە."
شەقامی عێراقی بە گشتی بڕوایەکی ئەوتۆی بە لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکە نەماوە، وەک چاودێر ئاماژەی پێدەکەن؛ خۆپیشاندانە بەردەوامەکان و کوشتن و ڕفاندنی چالاکوان و ڕۆژنامەوان و دەنگە ناڕەزاکان لە لایەن میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە، بەڵگەن بۆ گەورەیی کەلێنی بێ متمانەیی لە نێوان شەقام و دەسەڵاتدا.
میوانی بەرنامە:
شوناس شێرکۆ، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی
هەتا ئێستاش نازانرێت لە عێراقدا کام یەکێک لە سیناریۆکان ئەگەر و دەرفەتی زیاتری جێگیرکردنیان هەیە، ئایا ئەوەیە پاش ئەم کشانەوەیەی سەدرییەکان، هەڵبژاردن نەکرێت، یان ئەوەیە کە هەر تەنها هەڵبژاردن دەبێتە ئەڵتەرناتیڤی هەڵبژاردن.
ئەم ڕەوشەی عێراق ئاڵۆزە، ناتەبایی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا لە زاخۆوە تا فاو ئامادەیی هەیە.
زۆرێک لە ڕێبەرانی عێراقی بە شەڕ وێرانبوو، یەک ئەوی تریان گوناهبار دەکات بەو ڕووداوە نەخوازراوانەی لە وڵاتەکەیاندا ڕوویانداوە، ئەمەش وەک شیکەرەوە باسی دەکەن، هەوڵێکە تا وێنای خۆیان لەبەردەمی دەنگدەرانی عێراقیدا جوان بکەن و لۆمەکانیش بە گەورە و بچوکییەوە لە ئەستۆی ئەوانی تر بنرێن.
ئایا هەڵبژاردن لە عێراق دەکرێت، یان نا؟
ئەگەر موقتەدا ئەلسەدر، بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات و هەڵبژاردنیش لە عێراق بکرێت، چ شتێک لە ڕەوشی عێراق دەگۆڕێت؟
چی دەبێتە مەرج بۆ کورد تا لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، شتێک بۆخۆی دەستەبەر بکات؟
شوناس شێرکۆ، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.