Accessibility links

موستەفا ئەلکازمی: بەبێ هیچ گومانێک عێراق هاوشێوەی ئەفغانستان نییە


سەرەک وەزیری عێراق دەڵێت وڵاتەکەی چییدی پێویستی بە هێزی شەڕکەری ئەمەریکا نییە لە شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیدا و دەشڵێت "کات بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەوێتە سەر بەرەنجامی وتووێژەکانی چەند هەفتەی ئایندە لەگەڵ واشنتۆندا."

موستەفا ئەلکازمی، لە دیمانەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆسێتد پرێسدا ئاماژەش بەوە دەکات "عێراق داوا لە ئەمەریکا دەکات تا بەرنامەکانی مەشق و ڕاهێنان بە لەشکری وڵاتەکەی و بەرنامەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان بەردەوامییان هەبن.

ئەم لێدوانانەی سەرەک وەزیری عێراق بەر لە سەردانەکەی دێت بۆ واشنتۆن کە بڕیارە سبەی دووشەممە لەکۆشکی سپی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکادا کۆببێتەوە.

موستەفا ئەلکازمی دەڵێت "ئەوەی لە مانەوەی ئەمەریکامان دەوێت؛ پشتیوانییە لە هێزە سەربازیەکانمان بۆ مەشق و ڕاهێنان، پەرەپێدانی تواناییەکان و هاوکاریی ئاسایشییە. لەشکر و هێزە ئاسایشییەکانی عێراق لە ئێستادا ئامادەن و لە توانایاندایە بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستمانە، پشتیوانی و پەرەپێدانی تواناییەکانمانە و پێویستمان بە هێزی شەڕکەری بیانی نییە لەسەر خاکی وڵاتەکەمان."

لەو دیمانەیەیدا، سەرەک وەزیری عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی دانانی وادەیەک بۆ کشانەوە لەسەر بنچینەی پێویستییەکانی هێزە سەربازییەکانی عێراق دەبێت، وەک دەڵێت لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نیشانیان داوە دەتوانن سەربەخۆیانە کردە لەشکرییەکانی دژە داعش بەڕێوەبەرن.

ئەلکازمی دەڵێت "حکومەتی عێراق ڕوانینی تایبەتی خۆیی هەیە، هەوڵەکانی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی عێراقدایە، دانانی وادەیەک بۆ کشانەوە بەپێی پێویستیی وڵاتەکەیە. بە دڵنیاییەوە شەڕی دژی داعش و ئامادەیی هێزەکانمان پێویستی بە خشتەیەکی تایبەتی هەیە بۆ کاتی کشانەوە و ئەمەش دەکەوێتە سەر ئەو دانوستاندنانەی لە واشنتۆن دەیکەین."

واشنتۆن و بەغدا لە مانگی 4ی ڕابردوودا ڕێککەوتن لەسەر گۆڕینی ئەرکی ئەمەریکا لە عێراقدا بۆ مەشق و ڕاهێنان و هەروەهاش ئەرکی ڕاوێژکاریی؛ ئەمەش یانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی کردە لەشکرییەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا، بەڵام نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر دانانی خشتەی کات بۆ تەواوکردنی ئەو ڕێککەوتنە.

سەرەک وەزیری عێراق دەڵێت "سەردانەکەمان بۆ ئەمەریکا درێژەپێدانی ئەو زنجیرە وتووێژانەیە کە لە بەغدا و لە واشنتۆن کراون بۆ مەبەستی ڕێکخستنی ئاستی پەیوەندییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە لە نێوان عێراق و ئەمەریکادا، لە بواری پەروەردە، کلتور، تەندروستی و هەروەها ئاسایشەوە. لەو پەیوەندیانەدا، دەمانەوێت عێراق پارێزراوبێت. پێویستە عێراق بە ڕووی جیهاندا کراوە بێت و پەیامێکیش بێت بۆ وەبەرهێنەران تا بێنە عێراق."

وەها چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی سبەی دووشەممەی هەردوو رێبەردا لە کۆشکی سپی، وادەیەک بۆ کشانەوە دیاربکەن و کە پێدەچێت بۆ کۆتایی ئەمساڵ بێت.

لە ئێستادا نزیکەی 2500 سەربازی لەشکری ئەمەریکا لە عێراق ماونەتەوە، پاش ئەوەی ساڵی ڕابردوو، دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی ئەمەریکا. لە کاتی ئەو بڕیارەدا 3 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە عێراق بوون.

موستەفا ئەلکازمی دەڵێت "عێراق ئەفغانستان نییە" وەک ئاماژەیەک بەو نیگەرانیانەی سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان هەیە لەلایەن تاڵیبانەوە و دەڵێت "ڕەوشی عێراق هاوشێوەی ڕەوشی ئەفغانستان نییە لە ڕووی جوگرافی و دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی تیرەکانیش جیاوازن. هێزە سەربازییەکانی عێراق دەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، دەتوانن بەرەنگاری ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان ببنەوە، پشتیوانی ناوخۆیی و نێونەتەوەییش بۆ هێزە سەربازییەکانمان هەن. ڕەوشی ئەمڕۆی عێراق لە ڕەوشی ساڵی 2014 جیاوازە. بەڵێ شانە نوستووەکان هەن کە ڕۆژانە هێزە ئازاکانمان بەرەنگاریان دەبنەوە، هەر بۆیە بەبێ هیچ گومانێک عێراق هاوشێوەی ئەفغانستان نییە."

ئەم سەردانەی موستەفا ئەلکازمی بۆ واشنتۆن هاوکاتە لەگەڵ پاشەکشە یەک لە دوا یەکەکانی حکومەتی عێراقدا، ئەمەش بۆتە بنکۆڵکردنێکی زۆری متمانەی خەڵک بە حکومەتی عێراق.

هێرشە موشەکییە بەردەوامەکانی میلیشیاکان، تیشکی خستۆتە سەر سنورداریی تواناییەکانی عێراق، ئاگرتێبەربوونی ژمارەیەک نەخۆشخانە هاوکاتی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە پەتای کۆرۆنا، بوونەتە مایەی گیان لەدەستدانی سەدان کەس.


کەمتر لە 3 مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە عێراقدا.

موستەفا ئەلکازمی، پێشتر پەیمانی دابوو بەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات، بکوژانی چالاکوانانیش دەستگیربکات.

چالاکوانانی لە مەیدانە سەرەکییەکانی شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختیان دەکرد، لە ئێستادا بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی مانگی 10ی داهاتوو بکەن.

زۆرینەی چالاکوانان متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەیان نەماوە.

بەڵام سەرەک وەزیری عێراق داوا لە لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکەی دەکات تا "بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن."

XS
SM
MD
LG