وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات کە ڕێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرزە و لە ئێستادا ڕۆژانە لە نێوان پازدە بۆ بیست حاڵەتی مردن هەن.
لەم وتووێژەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دکتۆر ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت " ڕەوشەکە خراپ و مەترسیدارە و حاڵەتەکان ڕوو لە زیادبوونە و یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت .ڕۆژانە دوو هێندە ڕێژەی تووشبووان زیاد دەکات و هەموو تەمەنەکان تووشی ئەو مەوجە نوێیە و گۆڕاوە دەبن." هەروەها وتیشی " زیاتر لە 130 بنکەمان هەیە لە هەموو هەرێمی کوردستاندا بۆ وەرگرتنی ڤاکسین و ڤاکسینی جۆری فایزەریشمان زیاد کردووە."
ئەو کاربەدەستەی وەزارەتی تەندروستی گووتیشی" ڤاکسین لە هەموو شوێنێک بەردەستە پێشتر هەشت بنکە هەبوون بەڵام لە ئێستادا بۆ هەر پارێزگایەک چوار تا شەش بنکە زیادیکردووە بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ کەمبکرێتەوە و ژمارەی ڤاکسینەکانیش زیادیکردووە و بەردەوامیش دێت".
سەبارەت بە سەردانی خەڵکی بۆ بنکە تەندروستیەکان و وەرگرتنی ڤاکسین و بەراورد بە پێشتر کە خەڵکێک وەک پێویست سەردانی بنکە تەندروستیەکانی نەدەکرد بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، لەوبارەیەوە حەوێزی دەڵێت " ئێستا باشە و داواکاری زۆری لەسەرە بە تایبەتی سیستەمی ناو تۆمارکردنەکە زۆر زۆر باشە و زیاتر لە 370 هەزار کەسن و ژمارەکەش وردە وردە بەرزدەبێتەوە".
لەبارەی ڕەوشی نێو نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەپرسین کە ئێستا چوونە و چ شارێکی هەرێمی کوردستان زیاتر خەڵکی تووشی ئەو ڤایرۆسە هاتوون، ئاسۆ حەوێزی گووتی " هەمووی خراپە و ڕێژەی تۆمارکردنی ڕۆژانەمان زیاتر لە دهۆکە، ناوبراو وتیشی" ڕێژەی مردن بەرزە و پێشتر ئەگەر چوار بۆ پێنج کەس بووایە لە ئێستادا ڕۆژانە لە نێوان پازدە بۆ بیست حاڵەتی مردن هەن".
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دکتۆر ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پلانی وەزارەتی تەندروستی و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ گووتی"
وەکو وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی کرد هەموو ئەگەرێک لە ئارادایە بەڵام ئەوەی کە دەمێنێتەوە بگوترێت لەسەر بابەتی قەدەغەی هاتوچۆ ئیجرائاتە نوێیەکان لە کۆبوونەوەی 3ی 8 کە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵایە لەو کاتەدا بڕیاری لەسەر دەدرێت".
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆی گشتی ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا گەیشتووەتە 227هەزارو 339 حاڵەت لەوانەش 4هەزار و 750 کەس مردوون.