سەرۆکی ئەمەریکا و سەرەک وەزیری عێراق لە کۆبوونەوەکەیاندا جەختیان کردەوە لەوەی تاوەکو ڕۆژی 31ی مانگی 12ی ئەمساڵ ئەرکی سەربازەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا دەگۆڕدرێت بۆ ڕاوێژکردن و هیچ ئەرکێکی شەڕکردنیان نامێنێت.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراقدا کۆبووەوە هاوکاتی دووهەم سەردانی کازمی بۆ واشنتۆن.
لەگەڵ ئەوەشدا کە دۆسێی سەربازەکانی ئەمەریکا لە عێراق تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بووە، بەڵام دۆسێی هەڵبژاردن لە عێراقیش تەوەرێکی گرنگ بوو، کە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش بە بایەخێکی زۆرەوە باس لەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەی مانگی 10ی عێراقییەکان دەکەن.
میوانی بەرنامە:
کاوە موحەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانێتی هیوا
ئێستا ئەگەری هەیە کە بۆ دووهەم جار هەڵبژاردن دوابخرێت، بەتایبەتی پاش کشانەوەی لایەنی سەدر لە هەموو پرۆسەی سیاسی عێراق و خۆ بێبەری کردنی موقتەدا ئەلسەدر، مەلای ڕادیکاڵی شیعە ئاینزاکان لەم حکومەتەی ئێستا و داهاتووی وڵاتەکەش. دوای ئەم بڕیارەی سەدر، ژمارەیەک لایەنی تریش بڕیارەکانی خۆیان بۆ بایکۆت کردنی هەڵبژاردن ئاشکرا کردووە، لەوانە؛ پارتی کۆمۆنیستی عێراق، بەرەی دیالۆگی نیشتمانی کە ساڵح موتڵەگ سەرۆکایەتی دەکات و هەروەهاش هاوپەیمانی مینبەری عێراقی بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئەیاد عەلاوی.
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند ئامادەیە بۆ کردنی هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیارکراوە، سەبارەت بەم کشانەوانەش لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا، کۆمیسیۆن دەڵێت "هیچ بەهایەکی یاسایی نییە بۆ ئەو کشانەوانە چونکە لە ڕۆژی 20ی مانگی 6ەوە دەرگای کشانەوە لە هەڵبژاردندا داخراوە."
بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان، ژمارەیەک لەو لایەنە سیاسی و هێزە چەکدارانەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن لە عێراقدا دەخوازن لە ڕێی لێسەندنەوەی متمانە لە سەرەک وەزیری عێراق دوو ئامانج بپێکن، یەکەمیان درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی عێراق و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا، دووهەمیشیان وەک دەگوترێت دواخستنی هەڵبژاردنەکەی مانگی 10یە بۆ کاتێکی دیاریکراو.
بۆچی ئەم سەردانەی کازمی بۆ واشنتۆن و بەرەنجامەکانی ئەو سەردانەش ئەو هەموو مشتومڕەی لەناو عێراقییەکاندا هێناوەتە ئاراوە؟
گۆڕینی ئەرکی سەربازەکانی ئەمەریکا لە عێراق، چ شتێک لەو وڵاتەدا دەگۆڕێت؟
پاش کشانەوەی ئەو ژمارە لایەنە لە هەڵبژاردن، ئایا کێ بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات، ئەگەر هەڵبژاردن کرا؟
کاوە موحەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.