بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گەڕەکە کوردنیشینەکانی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بێ خزمەتگوزارین، لەکاتێکدا پرۆژەی باش بۆ گەڕەکە تورکمان و عەرەبنیشینەکان ئەنجامدراوە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ڕەنگە کورسیەکی پەرلەمانی لە پارێزگای سەڵاحەدین بەدەستبهێنن.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، مەلا کەریم شکور بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی، دەڵێت "کورد لەخورماتوو کاندیدی کەمە، یەکێتی یەک کاندید و پارتیش کاندێدێکی هەیە، لەکاتێکدا عەرەب و تورکمان کاندیدیان زۆرە، بۆیە ڕەنگە کورسیەکی پەرلەمانی بەدەستبهێنین."
بەرپرسەکەی یەکێتی ئاشکراشیکرد، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانن و لەگەڵ حیزبی شیوعیش لەسەر ئاستی محەلی ڕێککەوتوون، لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەکانیش لێکتێگەیشتنیان هەیە و دەیانەوێت لێکتێگەیشتنەکە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی وتەی مەلا کەریم شکور، ژمارەی دەنگدەری کورد لە پارێزگای سەڵاحەدین نزیکەی 37 هەزار دەنگدەرە، لەو ژمارەیە 7 بۆ 10 هەزاری لەدەرەوەی خورماتوون، ئەوانیتر لەناو شارەکەن، وتی"کۆمیتەمان دروستکردووە، تا لەڕۆژی هەڵبژاردن، ئەوانەی لە دەرەوەی خورماتوو دەژین، بیانبەینە سەر سندوقەکانی دەنگدان."
پێشتر زۆرترین کێشمەکێش و ململانێ لەنێوان کورد و تورکماندا لە خورماتوو ڕوویداوە و دەیان کەس لەهەردوولا کوژراون، بەڵام بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی دەڵێت" هیچ ڕێگریەک نییە لەبەردەم ئیش و کارەکانماندا، لەگەڵ دەزگا ئیداری و ئەمنیەکان پەیوەندیمان باشە، پێکهاتەکانیش لەوە تێگەیشتوون، خەڵک ژیانی دەوێ، نەک کێشە."
مەلا کەریم شکور نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی گەڕەکە کوردنیشینەکانی خورماتوو بێ خزمەتگوزارین، وتی"هەفتە نیە، وەفدێکمان نەڕواتە تکریت و بەغدا بۆ هێنانی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە کوردنیشینەکان."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، مەلا کەریم شکور جەختیکردەوە، جیاوازی دەکرێت لەنێوان گەڕەکە کوردنیشین و گەڕەکە تورکمان و عەرەب نیشینەکاندا، گەڕەکە کوردنیشینەکان بێ خزمەتگوزارین، لەکاتێکدا گەڕەکەکانی تر پرۆژەی باشیان بۆ کراوە، وتی"وەکو حیزبە کوردیەکان کۆبووینەوە و نیگەرانیمان لەسەر پەراوێزخستنی گەڕەکە کوردنیشینەکان داوەتە ئیدارەی خورماتوو."