بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی بوونی قەزای سۆران بە ئیدارەیەكی سەربەخۆ كارئاسانیەكی زۆر بۆ خەڵكی ئەو ناوچەیە بەگشتی دەكات بەو پێیەی کە بۆ ڕاییکردنی زۆرێک لە مامەڵەکانیان ناگەڕێنەوە بۆ هەولێر و هەر لە سۆران کارەکانیان ڕادەپەڕێنن و لە هەمانکاتیشدا خزمەتگوزاری و پڕۆژەی جۆراوجۆری زیاتریش بۆ خەڵکی سنوورەکە دەکرێت.
لەمەڕ پرسی بوونی سۆران بە ئیدارەیەکی سەربەخۆ و گلەیی و داواکاری خەڵکی و چۆنیەتی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ ئیدارە سەربەخۆیەکە و داهاتی ناوچەکە، وەیسی سەعید وەیسی لێپرسراوی نووسینگەی سۆرانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چواردە شارۆچکە و چوار قەزا دەگرێتەوە و کارئاسانیەکی زۆرە بۆ خەڵکی ئەم سنوورانە و ئەمە دەستکەوتێکی زۆر گەورەشە بەشی هەرە زۆری کەرتی گەشتوگوزاری سنووری پارێزگای هەولێر کەوتووەتە سنووری ئەو چوار قەزایە و هەروەها سنووری نێودەوڵەتی ئێران - حاجی ئومەران و هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا، دەبێتە هۆکارێکیش بۆ ئەوەی کۆمەڵێک دامودەزگای حکومەت لەم سنوورەدا بکرێنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و هەر لە سنوورەکەدا کاروباری هاوڵاتیان ڕابپەڕێنرێن."
سەبارەت بە گەڕانەوەی داهاتی ئەم سنوورە بۆ خەڵکەکەی بەو پێیەی کە خۆی لە چەندین ناوچەی گەشتیاری و هاوینەهەوار و دەروازەی نێودەوڵەتی دەبێنێتەوە، وەیسی سەعید دەڵێت " داهاتی هەموو شوێنەکان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەزینەی حکومەت و هەموویان لە وەزارەتی دارایی کۆدەکرێنەوە و پاشان وەزارەتی دارایی بەپێی شوێنەکان ئەم داهاتە دابەش دەکات، لە ئێستادا کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ لەم سنوورانە ئەنجامدەدرێت و بە کردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆ لە سۆران حکومەت زیاتر بایەخی پێ دەدات".
ناوبراو گووتیشی" ئەو پڕۆژانەی کە لە ئێستادا لە لایەن حکومەتەوە ئەنجامدەدرێت پڕۆژەی ئاو و کارەبا و ڕێگاو بان و کۆمەڵێک پڕۆژەی ترن لە سێکتەرەکانی تر کە ئەمانە هەموویان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە".
لە میانەی وتووێژەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، وەیسی سەعید وەیسی لێپرسراوی نووسینگەی سۆران پەرلەمانی کوردستانی عێراق گووتیشی" هەمو دامودەزگاکان لەوێ ڕاستەخۆ سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبن لەجیاتی ئەوەی هاوڵاتیەک لە حاجی ئۆمەران و بارزان و سیدەکان و وەرتێ و خەلیفان بچێتە هەولێر بۆ ئەوەی مامەڵەکانی خۆیی ڕایی بکات ئەمجارە لە سەنتەری شاری سۆران مامەڵەکانی خۆیی ڕایی دەکات کە ئەمە ئاسانکاریەکی زۆر زۆر پێویست و گرنگە و دەبێتە هۆکارێکیش بۆ کەمکردنەوەی رۆتینیاتی ئیداری و ئەو بارگرانیەشی کە لەسەر پارێزگای هەولێر هەبوو کەمدەکرێتەوە و کاریگەری ڕاستەوخۆیشی دەبێت لەسەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات کە ئەمەش وا دەکات زیاتر خەڵکی سنوورەکە لە بەکارهێنەرەوە ببێتە بەرهەمهێنەر."