هونەر مزووری پاش بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کاربەدەستانی تەندروستی دەڵێن بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە.
نزیکەی 40 ڕۆژە مزووری تەمەن 37 ساڵان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو وەک کەسوکارەکەی دەڵێن هەفتەی ڕابردوو لە پڕێکدا ڕەوشی تەندروستی زۆر خراپ بوو و پزیشکەکان بێهۆشیان کردبوو.
موزەفەر مزووری ئامۆزای هونەر ڕۆژێک بەر لەوەی هونەر گیانی لەدەستبدات، لە نەخۆشخانەکەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ڕەوشی زۆر باش ببو تا ئەو ئاستەی پزیشکان پێیان گوتین ئەگەر وا بڕوات لە نەخۆشخانە دەردەچێت، بەڵام بە داخەوە لە پڕێکدا تەندروستی تێکچوو و ماددەی دووهەم ئۆکسیدی کاربۆن لە جەستەیدا زیادبوو، هی خەڵکی ئاسایی 45 هی کاک هونەر گەیشتە 110 بۆیە پزیشکان بڕیاریان دا بێهۆشی بکەن تا ئەو ماددەیە نەگاتە مێشکی."
لە ماوەی ڕابردوودا جۆری دێڵتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیکی بەرچاو زیادی کردووە و کاربەدەستانی تەندروستی دەڵێن ڕەوشکە زۆر مەترسیدارە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لە ئێستادا ڕۆژانە پازدە بۆ بیست کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دەدەن.
کاربەدەستانی کەرتی تەندروستیش داوا لە خەڵکی دەکەن ڕێنماییەکانی تەندروستی بەجێگەیەنن.
سامان سەلیم بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر لە لێدوانێکیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا داوای لە خەڵکی کرد کە خۆیان بپارێزن و ئەو بڕیارانەی کە دراون جێبەجێیان بکەن.
دکتۆر سۆران حەسەن پزیشک لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی کۆرۆنا بە دەنگی ئەمەریکای گوت ئەم جۆرەی ئێستای ڤایرۆسەکە زۆر زوو بڵاو دەبێتەوە و ژمارەیەکی زۆریش بە توندی ڤایرۆسەکە دەگرن و لەژێر چاودێری ڕژددان.
بە پێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی شەممە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 696 کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و 16 کەسیش بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.