Accessibility links

ئیسرائیل، ئێران گوناهبار دەکات و تاران نکوڵی دەکات


کۆماری ئیسلامی ئێران، لێدوان و ڕاگەیاندراوەکانی ئیسرائیل بە "گوناهبارکردنێکی بێ بنەما" ناودێر دەکات.

دەوڵەتی جوو، لۆمەی ئەو هێرشەی کرایە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئیسرائیل لە نزیک عومانەوە لە ئەستۆی ئێران دەنێت و پەیمانیش دەدات "داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات" پاش ئەو داوایەی ئیسرائیل خستویەتییە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان تا بڕیارێک بدات دژ بە ئێران.

کەشتی "ئێم تی مێرسەر ستریت" ڕۆژی 5شەممە لە دەوروبەری کەنارەکانی عوماندا بوو کاتێک هێرشی کرایەسەر. ئیاڵ ئۆفەر، ملیاردێری ناوداری ئیسرائیل، خاوەنی ئەو کەشتیەیە.

لەو هێرشەدا دووان لە تاقمی کەشتییەکە کوژراون و یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایشی بە ڕەگەز بەریتانیایی بووە و ئەوی تریشیان هاوڵاتییەکی ڕۆمانیاییە.

لەشکری ئەمەریکا و هەروەهاش زۆدیاک، نێوەندی ڕیکخستنی هاتوچۆی کەشتییەکان دەڵێن، پێدەچێت ئەو هێرشە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرابێت.

نافتالی بێنێت، سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت وڵاتەکەی هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ بەڵگەنامەکان کردووە و دەیسەلمێنن کە تاران لە پشت ئەو هێرشەوە بووە.

سەرەک وەزیری ئیسرائیل لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ یەکشەمەیدا ئاگاهیش دەدات و دەڵێت "ئیسرائیل وەڵامی خۆی دەبێت" وەک تۆڵەکردنەوە.

لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ کابینەی حکومەتەکەیدا، نافتالی بێنێت دەڵێت "بەڵگەنامەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان دەیسەلمێنن و وەهاش چاوەڕوان دەکەین کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ ئێرانی ڕوون بکاتەوە کە هەڵەیەکی مەترسیداری کردووە. جا لە هەر بارێکدا بێت ئێمەش دەزانین چۆن وەڵامی ئێران بدەینەوە بە ڕێگەی خۆمان."

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ئاماژەی بەوەکردووە کە فرمانیداوە بە دیپلۆماتەکانی وڵاتەکەی تا هەوڵی خۆیان بدەن و نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری خۆی بدات وەک دەڵێت لەسەر "تێرۆریزمی ئێرانی"
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە بە تەلەفون لەگەڵ یائیر لاپێد، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلدا قسەی کردووە و ڕێککەوتووە بۆ کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکاندا بۆ "لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان و دابینکردنی پشتیوانی و هەروەهاش بۆ تاووتوێکردنی هەنگاوی گونجاوی داهاتوو" وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە.

بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران نکوڵی دەکات لەوەی هیچ دەستێکی هەبووبێت لەو هێرشەدا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە پەیامنێرانی وتووە "دەبێت ڕژێمی زایۆنیست ئەو گوناهبارکردنە بێ بنەمایانە ڕابگرێت."
سەعید خەتیبزادە دەڵێت "ئەمە یەکەم جار نییە ئیسرائیل بەم شێوەیە ئێران گوناهبار بکات و ئێران هەرگیز دوودڵ نابێت بۆ داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی لە ئاسایشی نیشتمانی خۆی."

لەوەتای مانگی 2ی ڕابردووەوە پێنج هێرش کراوەتە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکانی ئیسرائیل.

لەم چەند مانگەی ڕابردووشدا ژمارەیەک هێرش کراونەتە سەر کەشتییەکانی ئێران و تارانیش ئیسرائیل گوناهبار دەکات.

XS
SM
MD
LG