Accessibility links

لە بۆسەیەکدا 3 ئەندامی حزبوڵای لوبنان دەکوژرێن


بەلانیکەم 5 کەس کوژراون و سیانیان ئەندامی حزبوڵای لوبنانن لەو شەڕەی لە باشوری شاری بەیروت ڕوویداوە.

شەڕەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە هاوکاتی پرسەی ئەندامێکی حزبوڵا بووە کە لە شەوی ڕابردوودا کوژرابوو، وەک کاربەدەستانی ئاسایشی لوبنان ڕایانگەیاندووە.

لەو شەڕەی نێوان میلیشیا شیعەکانی حزبوڵا و دانیشتوانی سوننە ئاینزای ئەو ناوچەیەدا ژمارەیەک خەڵکیش بریندارن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، حزبوڵای لوبنان داوای لە لەشکر و هێزە ئاسایشییەکانی لوبنان کردووە تا ئەوانەی لە پشت دانانی بۆسەکەوە بوون و دەستگیر بکەن.

کاربەدەستێکی لەشکر بەومەرجەی ناوی نەهێنرێت دەڵێت، هێزی سەربازی بەو ناوچەیەدا بڵاوکراونەتەوە و لەشکریش دەڵێت سەربازەکان فرمانیان پێیە "تەقە لە هەر چەکدارێک بکەن لەسەر شەقامەکانی شارۆچکەی خلدە" هەروەها دەشڵێت ئەوەی لەو ناوچەیە تەقە بکات، ئەوا لەشکر تەقەی لێدەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی لوبنان، عەلی شیبلی، ئەندامی حزبوڵا شەممە سەوەکەی لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا کوژراوە لە شارۆچکەی خلدە و پێشدەچێت کوژرانەکەی پەیوەندی هەبووبێت بە "تۆڵە سەندنەوە" بەهۆی کوژرانی دوو کەسەوە لە ساڵی ڕابردوودا.

نەجیب میقاتی، سەرەک وەزیری ڕاسپێردراو داوای پشودرێژی کردووە و ئاگاهیشی داوە سەبارەت بە دابەشبوونی ئاینزایی لە وڵاتەکەیدا.

لە لوبنان دابەشبوونی ئاینزایی دیاردەیەکی بەرچاوە.

ئەم توندوتیژیانەش هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی ئابوری لوبنان کە بانکی جیهانی بە یەکێک لە خراپترین قەیرانە ئابوریەکان ناودێری دەکات لەوەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە.

XS
SM
MD
LG